بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەست لەكاردەكێشێتەوە
K24 – سلێمانی
بە گوێرەی زانیارییەكان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دەست لەكار دەكێشانەوەی داوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەكەی بخاتەڕوو.
ھاژە غەفور پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەكان مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاریداوە دەست لەكاربكێشێتەوە، بەڵام تا ئێستا لەزاری خۆی ئەو ھەواڵە پشتڕاست نەكراوەتەوە".
گوتیشی: "بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئێستا ئامادەنییە ھیچ زانیارییەك بدركێنێ و بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری بخاتەڕوو".
ئەمە لە كاتێكدایە دوای ھەوڵی زۆری حكوومەتی و وەزارەتی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان، تا ئێستا نەتوانراوە دەوامی خوێندنی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەست پێبكاتەوە، ھەرچەندە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە زیادكردنی 150 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار و 100 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی ناوشار، بەڵام تا ئێستا ئاستەنگ ھەیە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و شكاندنی بایكۆتی مامۆستایان، ھەندێك لە مامۆستایان و بەرپرسانی حكوومی ئاستەنگ دروستكردن بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن لە سلێمانی و ھەڵەبجە بە دەستێكی سیاسی ناودەبەن.
وێنەیەك لە دەقی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی