%60 موڵكی هاووڵاتیانی ناوچه‌ی سوری ئامه‌د به‌ ناوی حكومه‌ته‌وه كراون‌

ئه‌منیستی له‌باره‌ی كوردی باكوور ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌گرێت

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كورد به‌ توندی ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌گرێت و به‌ وێرانكردنی ماڵ و موڵك و ئاواره‌كردنی نزیكه‌ی نیو ملیۆن كورد تۆمه‌تباری ده‌كات.

رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و ره‌خنه‌ و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی حكومه‌تی توركیای كردووه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كانی باكووری كوردستان نزیكه‌ی نیو ملیۆن هاوڵاتی كورد به‌هۆی شه‌ر و پێكدادانی نێوان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ ئاواره‌ بوون و رێگه‌شیان پێنادرێت بچنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ریكخراوه‌كه‌ كه‌ به‌ (ئه‌منیستی) ناسراوه‌ رووداوه‌كانی ناوچه‌ی سوری ئامه‌دی بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و ره‌وشه‌دا 24 هه‌زار هاوڵاتی ناچاركراون ماڵه‌كانیان به‌جێبهێڵن و ماڵ و حاڵی زیاتر له‌ 2 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ له‌ كاتی شه‌ڕه‌كان و پاش شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا روخێنراون و ئێستا ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ گوزه‌رانێكی دژواردا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆرێك له‌ منداڵان له‌ خوێندن دابڕاون.

هه‌روه‌ها رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر یاسای باری نائاسایی له‌ توركیا و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ 60% موڵكی هاوڵاتیانی ناوچه‌ی سوری ئاماد تاپۆكانیان خراوه‌ته‌ سه‌ر حكومه‌تی توركی و سه‌ره‌ڕای كۆتاییهاتنی شه‌ڕێش هێشتا هاتووچۆ له‌ به‌شێكی ناوچه‌كه‌دا قه‌ده‌غه‌یه‌.

رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ی به‌بیری ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێویسته‌ حكومه‌ت رێگه‌ به‌ خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بدات بگه‌رێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان.