پارتی تەنھا لایەنی كوردییە بەشداری كۆنگرەی پارتی CDU ئەڵمانی دەكات

ھێمن ھەورامی: پارتی لە پەیوەندییەكانی دەرەوەیدا ستراتیژیەتێكی فرە ئاراستەی گرتووەتەبەر
kurdistan24.net

K24 - ئیسن

لە میانی بەشداریكردنی لە کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) ھێمن ھەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند، ئەم كۆنگرەیە یەكێكە لە كۆنگرە گرنگەكان و شاندی زۆربەی وڵاتانی بیانی بەشداری دەكەنم ئێمەش وەك شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە پارتی كوردستانی ئامادەین و ستراتیژیەتێكی فرە ئاراستەی گرتووەتەبەر و بەردەوام ھەوڵمانداوە دۆست بۆ ھەرێمی كوردستان پەیدا بكەین.

ھێمن ھەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرگەشت ئاكرەیی پەیامنێری كوردستان24 لە راگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە ستراتیژی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆیدا، ستراتیژێكی فرە ئاراستەی گرتووەتەبەر، بەتەنھا ستراتیجیەكی ئایدیۆلۆجیمان نەگرتووەتەبەر، ھەوڵمانداوە پەیوەندییەكی ھاوسەنگ لەگەڵ ھەر لەم كەمپانە ھەبێت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەن، ئەمڕۆ كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە پارتی كوردستانییە لە كۆنگرەی (CDU) بەشدارە بەرھەمی سەركەوتووی ئەو ستراتیژیە دیپلۆماسییەیە كە لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆیدا بە رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی گرتومانەتەبەر، ئێمە ھەوڵمانداوە لە ھەموو حزبە سیاسییەكان دۆست بۆ ھەرێمی كوردستان پەیدا بكەین، ھەروەھا ھەوڵدەدەین پەیامی ھەرێمی كوردستانیان پێبگەیەنین، ئەمڕۆ كە پارتی بە تەنیا لێرەییە بەرھەمی ئەو دیپلۆماسییە فرە ئاراستەیە كە لەگەڵ ھەموو ئایدیۆلۆجییە لە ناو ھەموو لایەنە سیاسییەكانی دونیا گرتوومانتەبەر".

ھێمن ھەورامی گوتیشی: "دوێنێ كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی (CDU) و شاندە نێودەوڵەتییەكانی دیكە ھەبوو، چونكە یەكەم جارە لە مێژووی كۆنگرەكانی (CDU)دا 200 شاندی بیانی بەشداردەبن، ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەیەكی زۆر گرنگە بۆ ناوخۆی ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا و سیاسەتی جیھانی، لەبەر ئەوەی ئەو سەركردە سیاسیانەی لە گۆڕەپانی سیاسیدابوون لە 10 ساڵی رابردوودا مێرکڵ یەكێكە بە تەنھا ماوەتەوە و لە مانگی 9 ساڵی داھاتوو لە ئەڵمانیا ھەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ھاوپەیمانیەتیەك لە شەش حزب دژی مێركڵ دروست بكرێت، ئایا دەتوانێ لەم ھەڵبژاردنە بباتەوە یان نا؟ ئێمەش وەك ھەرێمی كوردستان گرنگە ئەو سیاسەتی پشتیوانییە سەربازی و سیاسییە فراوانەی كە ئەڵمانیا بۆ ھەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش گرتیەبەر ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت یان نا؟".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەڵمانیا رۆڵێكی گرنگی لە شەڕی تیرۆر و لەو شوێنانەی كە سەرچاوەی تیرۆرن بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، چاوێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەرە، بەتایبەتی بۆ ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی، چونكە نەبوونی ئاسایش و بۆشایی دەسەڵات لەناو عێراق و سووریا بووەتە ھۆی ھاتنی ئەم رێژە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، بۆیە بۆ ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا گرنگە كە سەقامگیری ئەو ناوچانە بپارێزرێت، بۆ ئەوەی ئاوارە و پەنابەری لێوەنەیەنە دەرەوە و نەبنە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی، ھەر ئەمەشە وایكردووە ئەڵمانیا پتر بایەخ بەو ھێز و وڵات و ھەرێمانە بدات كە فاكتەری سەقامگیرین لەناوچەكە، لێرەوەیە كە ئەڵمانیا پشتیوانی لە پشتیوانی ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، ئەمەش یەكێكە لە كارتە بەھێزەكانی ئەنگێلا مێركڵ كە دەبێتە یەكێك لە بابەتەكانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیشی".