ئاوارەكانی ئەنبار لەكوردستانەوە بەرەو زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە
K24 - ھەریر
زۆربەی ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار کە بە ھۆی ھێرشەکانی داعشەوە زێدی خۆیان بە جێھێشت و روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، دەگەرێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
عالیە عەدنان، یەكێكە لەو ئاوارانەی لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ پارێزگای ئەنبار لەگەڵ خێزانەكەی روویان كردووەتە ھەرێمی كوردستان، ئەوان ئێستا كەلوپەلی ماڵەكەیان دەپێچنەوە و بەرەو زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە، عالیە بە كوردستان24 گوت: "كاتێك كە ئاوارەبووین نەیان ھێشت ھیچ لەگەڵ خۆمان بھێنین تەنھا جلمان ھێنا و ئینجا بە ھەزار حاڵ رێگایان بۆ كردینەوە، من ئێستا دەگەڕێمەوە، بەڵام زۆر بێتاقەتم چونكە لێرە راھاتووین و دراوسێمان ھەیە و خۆشمان دەوێن بیریان دەكەین".
ئاوارەیەكی دیكەی خەڵكی فەللوجە بەناوی عەبوودی والی كە زیاتر لە دووساڵ لە ناحیەی ھەریر نیشتەجێبوو دەڵێ: "مامەڵەی کوردەکان زۆر باشە لەگەڵ ئێمە زۆر رێزمان لێدەگرن و نرخمان دەزانن سوپاسی مەسعوود بارزانی و گەلەکەی و سوپاکەی دەکەین".
سەباح عەلوان ئاوارەیەكی خەڵكی فەللوجەیە لەكاتی باركردنی ماڵەكەی بە پەرۆشەوە باس لە جێھشتنی كوردستان دەكات و دەڵێت: "کاتێک دەگەڕێینەوە شاری خۆمان ئێمە یادگاری خۆمان کە لە ماوەی سێ ساڵدا لە کوردستان تۆمارمان کردووە لەگەڵ خۆمان دەیبەین کە چەندە خەڵکێکی باش بوون و یارمەتییان داوین بەتایبەتی خەڵکی حەریر کە میواندارییەکی باشیان کردووین و قەت ئازاریان نەداوین خودا پاداشتی ئەوان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بداتەوە".