ئەفسەر و سەربازە كوردەكان لە سوپای عێراق پێشەنگن
K24 - مووسڵ
لە شەڕی دژی داعش كورد جارێكی دیكە توانی بە قارەمانیەتی و خۆڕاگری ببێتە ناوێكی دیار لەسەر ئاستی جیھان، جگە لەوەی ھێزی پێشمەرگە وەك یەكەم ھێز توانی سەنگەرەكانی داعش بشكێنێ، ئەفسەر و سەربازانی كورد لە سوپا و دژە تیرۆری عێراق رۆڵی گرنگیان ھەیە لە تێكشكاندنی داعش و پێشڕەوییەكانی ھێزە عێراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ.
ژمارەیەك لە سەرباز و ئەفسەرانی كورد لە سوپا و ھێزی دژە تیرۆری عێراق باس لەوە دەكەن ئەوان پێشەنگن لە سەركەوتنەكان لە شەڕی دژی داعش، سەربازێكی كورد لە ریزەكانی لە ھێزی دژە تیرۆری عێراق بە كوردستان24 گوت: "رۆڵی ئێمە وەك كورد لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ زۆر گرنگە، ئەركی ھێزی ئێمە ھەمووكات ھێرش بردنە".
سەربازێكی دیكە كورد لە فیرقەی زەھەبی سەر دژە تیرۆری عێراق دەڵێ: "بەتایبەتی لەناو فیرقەی زەھەبی كورد رۆڵی گرنگ ھەیە بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ، ئومێد دەكەین لەماوەیەكی نزیكدا تەواوی مووسڵ كۆنترۆڵ بكەینەوە".
ئەفسەرێكی بە رەگەز عەرەب لە ھێزی دژە تیرۆری عێراق لەبارەی رۆڵی كورد لە ھێزەكەیان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ كورد رۆڵێكی زۆر گرنگی ھەیە".