لایەنە سیاسیەکان لەسەر بودجەی پێشمەرگە بۆچوونیان جیاوازە

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: شیعە و سوننە دژی پێشمەرگەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بودجەی پێشمەرگەوە بۆچوونیان جیاوازە و پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایگەیاند شیعە و سوننەکان دژی پێشمەرگەن و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش داوای یەک ھەڵوێستی نوێنەرانی کورد دەکات لە بەغدا و پارتیش پێی وایە ئەوەی لەبارەی بودجەی پێشمەرگە دەوترێت موزایەدەیە.

مەحموود حاجی عومەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستان24 گوت: "شیعە و سوننە ھیچ كامیان رەنگ و روخساری پێشمەرگەیان ناوێت، حەشدی شەعبی ماوەی دووساڵە دروستبووەم خرایە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراقەوە".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە سەعید مەسیفی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "لێرەوە داوا لەسەرجەم فراكسیۆنەكان دەكەین، یەك دەنگ بن، چونكە بە یەكڕیزی و تەبایی دەتوانرێت مافەكانی نەتەوەكەمان وەدەست بێنین".

ئاری ھەرسین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویست ناكات كەس شەڕ لەسەر بودجەی پێشمەرگە بكات یان وابزانێ شتێكی گرنگی كردووە، كە دەزانین حكوومەتی بەغدا بەڵێن جێبەجێ ناكات، مانای چییە ئێستا جارێكی دیكە خۆمان بە بەغداوە ببەستینەوە".

بەپێی راگەیەنراوێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بارەی بودجەی پێشمەرگەوە بۆ نوێنەرانی کورد دەڵێت" ئەوەی لە بارەی بودجەی پێشمەرگەوە ھیچ روون ئاشکرا نیەو ھەمان یاسای بودجەکانی سالانی پێشووە کە ھیچ ساڵێک جێبەجێ نەکراوە.لە ساڵی 2005وە بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاری کراوە ھیچ ساڵیکیش بودجەکە بۆ پێشمەرگە نەنێردراوە".