بارزانی په‌یامێك بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

پێویسته‌ هەموو راستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات روون ببێتەوە

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ په‌یامێكدا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ یاسای بودجه‌ی 2017، به‌تایبه‌تی ئه‌و ماده‌یه‌ی باس له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات ده‌خاته‌ڕوو.

بارزانی پێی وایه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ روون نییه‌ و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێت  و بواری یاری پێكردنی تێدایه‌ و ئاماژه‌ش به‌ بوونی عەقلییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌كات.

به‌ پیویستیشی ده‌زانێت پارلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كۆببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و پاش لێكدانه‌وه‌ هەموو راستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات روون ببێتەوە.

ده‌قی په‌یامی بارزانی

لەبارەی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر كراوە بە خەڵكی كوردستان ڕادەگەیێنم كە بڕگە پەسەندكراوەكە ڕوون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە.

بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێكی تازە نییە و هەر لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەی جۆراوجۆر حكوومەتی عێراقی پابەبەندبوونە داراییەكانی لە بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێم جێبەجێ نەكردووە و گرفتی بۆ ناوەتەوە. بە تایبەتی ئەو عەقلییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستانی پەیڕەو كردووە و ئەوانەی ڕاوێژی نانبڕینی گەلی كوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە هەوڵ و بۆچوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی بابەتی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق بە پێویستی دەزانم كە پارلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كۆببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسەندكراوەكان لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر ئەوە لەسەری ڕێك بكەون. ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی كوردستان با بۆ خەڵكی كوردستان هەموو ڕاستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات ڕوون ببێتەوە.

مسعود بارزانی

2016-12-8