حكوومه‌تی هه‌رێم قه‌رز له به‌ریتانیا وه‌رده‌گرێت
K24 - هه‌ولێر:
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له چوارچێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌كی، ده‌یه‌وێت قه‌رز له به‌ریتانیا وه‌ربگرێت.
به گوێره‌ی هه‌واڵێك كه له‌سه‌ر وێبسایتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئاژانسی قه‌رزبه‌خشی سه‌ر به حكوومه‌تی به‌ریتانیا UKEF، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنێك بۆ دابینكردنی تێچووی كۆمپانیای ئەندازیاریی ئاویی بەڕیتانی Biwater بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ لەهەردوو شاری هەولێر و سلێمانی.
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه، UKEF ره‌زامه‌ندی نیشانداوه بۆ پێدانی بڕیی 34.8 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی وه‌ك قه‌رز به حكوومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك قۆناخی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و سلێمانی.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراشیكردووه، له ساڵی 2015 گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه به بڕی 1.2 ملیار دۆلار مۆركردووه، ئه‌وه‌ش یەکەم قەرزە حکومەتی هەرێم بە پێی یاسای ژمارە (7) ساڵی 2015 وەربگرێت، کە تایبەتە بە راکێشانی مایە لە رێگەی قەرزکردن.
وه‌ك له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره قورسه‌ی له‌سه‌ر ئاو هه‌یه و هاوكات پشتبه‌ستن به ئاوی ژێرزه‌وی له هه‌رێمی كوردستان كه‌مده‌كاته‌وه.
له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا، پرۆژه‌یه‌ی پێشكه‌وتووی "یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاو" هه‌یه كه توانای له‌خۆگرتنی 600 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو له هه‌ولێر درووست ده‌كرێت و وێڕای دابینكردنی ئامێری پێشكه‌وتوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاوی پیس، هاوكات "یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئاو"یش نۆژه‌نده‌كرێته‌وه.
قۆناغی یەکەم ،گشت رووماڵ و هەڵسەنگاندنەکانی پرۆژەکە لەخۆ دەگرێت وەك هەلسەنگاندنی کاریگەری پرۆژەکە لە رووی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە.
ئەدریان وایت، سەرۆکی کۆمپانیایBiwater رایگه‌یاند "لەوەته‌ی دامەزراندنی Biwater له ساڵی 1968 چەندین پرۆژەی سەرەکی نێونەتەوەیی ئاو و ئاوەڕۆمان لە سەرانسەری جیهان ئەنجام داوە بە رۆژهەڵاتی ناوەراستیشەوە. مۆرکردنی ئەم گرێبەستە لە کوردستان وەرچەرخانێکی سەرەکییە لە دابینکردنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمدا."
نێچیرڤان بارزانی< سەرۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەو پێشبردنی ژیانی رۆژانەی دانیشتوانی هەولێر و سلێمانی. هەروەها بۆ جاری یەکەمە کە حکومەتی بەریتانیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ قەرز دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی ژێرخانه‌كه‌ی. ئێمە هیوادارین پێدانی ئەم قەرزە ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ دابینکردنی سەرمایەی پێویست بۆ قۆناغەکانی تری ئەم پرۆژە گرنگە و پێزانینی خۆمان ئاراستەی حکومەتی بەریتانیا دەکەین کە لە ئاستێکی باڵادا پشتگیری ئەم پرۆژەیان کردووە، کە ئەمەش کاردانەوەی پەیوەندی نزیك و بەرهەمداری نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستانە".
گرێگ هاندس وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی سەرمایەداری له‌مباره‌وه رایگه‌یاند "ئەوه هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ کۆمپانیایBiwater و هەناردەی بەریتانی و خۆشحاڵم کە UKEF تێچووی ئەم گرێبەستە گرنگە دابین دەکات. ئەوه نیشان دەدات دەتوانرێت چی بەدەست بهێنرێت کاتێك تەکنۆلۆژیای بەریتانی لەکاتی گونجاو‌دا لەلایەن حکومەتی بەریتانی پشتگیری دەکرێت. ئەم پرۆژەیە سوودێکی مەزنی بۆ کوردستان دەبێت و دەرفەتێکی مەزنیش بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا دەرەخسێنیت."
سه‌رچاوه: وێبسایتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان