سه‌ركه‌وتن له حه‌له‌ب و شكست له ته‌دمور
K24 – هه‌ولێر
هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی هاوكات له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه‌كانیان بۆ گرتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب له باكووری وڵات، شاری ته‌دمور له ناوه‌ڕاست له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
داعش 8 مانگ به‌ر له ئێستا له ته‌دمور ده‌ر‌كرا، به‌ڵام هاوكات له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی رژێم له حه‌له‌ب، جارێكی تر بۆ ته‌دمور گه‌ڕایه‌وه.
سه‌ركه‌وتنی داعش له ته‌دمور و كۆنترۆڵكردنی به‌رزاییه ستراتیژییه‌كانی هاوكاته له‌گه‌ڵ دوو شكستی دیكه‌ی داعش له ره‌ققه و باب.
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به پشتگیری هاوپه‌یمان ده‌ستی به قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی "توڕه‌یی فورات" كرد بۆ گرتنه‌وه‌ی ره‌ققه، پاش ئه‌وه‌ی قوناغی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به سه‌ركه‌وتووانه كۆتایی پێهێنا و 700 كیلۆمه‌تری دووجا كۆنترۆڵی كرد.
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌مباره‌وه رایگه‌یاند 200 سه‌ربازی دیكه بۆ پشتگیری له شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ره‌ققه بۆ سوریا ره‌وانه ده‌كه‌ن.
له لایه‌كی تره‌وه هێزه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی نزیكی شاری باب بوونه و چاوڕێ ده‌كرێت به‌م زووانه بچنه ناو شاره‌كه كه پێشتر هه‌ندێ سه‌رچاوه چوونه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا بۆ ناو سه‌نته‌ری ناحیه‌ی باب بڵاویان كردبووه‌وه.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی حكومه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب، داواكارییه‌كی به‌په‌له‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لێكه‌وته‌وه و داوای دانوستانی بێ مه‌رج كرد بۆ راگرتنی شه‌ڕ و چاره‌سه‌ری سیاسی، به‌ڵام له لایه‌ن روسیا و سوریا ره‌تكرایه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی روسیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا له دانوستانه نهێنییه‌كانیان له توركیا سه‌باره‌ت به شاری حه‌له‌ب رێ نه‌كه‌وتن و ئۆپۆزسیۆن داواكاری روسیا ره‌تكرده‌وه بۆ به‌جێهشتنی شاره‌كه و راده‌ستكردنی به هێزه‌كانی حكومه‌ت.
وه‌زیری ده‌روه‌ی فه‌ره‌نسا ژان مارك ئه‌یرولت پاش كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگه‌یاند ئۆپۆزسیۆن داوای دانوستانی بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌سه‌د ده‌كات.
داعش ده‌ست به‌سه‌ر شوێنه به‌رزه‌كانی ته‌دمور ده‌گرێت
شاره‌زایه‌كی سه‌ربازی رایگه‌یاند سه‌ركه‌وتنی داعس له ته‌دمور بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه كه حكومه‌تی سوریا ته‌واوی ته‌ركیزی خۆی خستووه‌ته سه‌ر شه‌ڕی حه‌له‌ب و هێزێكی زۆر بۆ گرتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب ره‌وانه كردووه، هه‌ر ئه‌و بووه هۆی ئه‌وه كه داعش سوود له‌م ده‌رفه‌ته و بوشاییه سه‌ربازییه له ته‌دمور وه‌ربگرێت و له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا بگاته شاری ته‌دمور له لای باكوور و به‌رزاییه ستراتیژییه‌كانی كۆنترۆڵ بكات و ئاژانسی ئه‌عماقی داعش بڵاوی كرده‌وه چه‌كداره‌كانیان فڕۆكه‌یه‌كی میگ 23 سوریایان له ته‌دمور خستووه‌ته خواره‌وه.
شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا پاش سه‌ركوت كردنی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2011 ده‌ستپێێكرد و سه‌ره‌ڕای وێرانكردنی زۆربه‌ی هه‌ر زۆره شاره‌كانی ئه‌م وڵاته، به میلیۆنان كه‌س له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ئاواره و په‌نابه‌ر بوون و له‌م دواییه هێزه‌كانی رژێم به هاوكاری روسیا و هاوپه‌یمانه شیعه‌كانی هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ئه‌و ناوچانانه ده‌دات كه له ساڵانی رابردوو له‌ده‌ستی دابوو.