دەربارەی: تەڵاق و مێژووی تەڵاق

Kurd24

مێژووی تەڵاق بە مێژووی پێکەوە ژیان و بە مێژووی دروستکردنی خێزان بەستراوەتەوە، بە مێژووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لەدایکبوونی دابونەریت لە کۆمەڵ بەستراوەتەوە، بە گەشەسەندنی کۆمەڵ و نیشتەجێبوون و ژنمارەکردن و قبوڵکردنی ئایینە ئاسمانییەکان بەستراوەتەوە، بە پەیدابوونی نۆرمی و باش و خراپ، ڕاست و هەڵە لەژیان بەستراوەتەوە.

لە هەزارەی یەکەمی زاینی لە زۆر وڵاتی ئەوروپا تازە زانکۆ دەکرانەوە، پەرلەمان وەک ئێستا چالاک و دیموکرات نەبوون، خەڵک تا ڕاددەیەک لە تاریکی دەژیا، یاساکان بۆ هەموو کەس نەبوون و کاروباری خێزانی ڕادەستی کەنیسەکان کرابوو.

هەر لەو قۆناغی ژیان و لە سەردەمی شازادەی گەورە ڤلادیمیر سڤیاتۆسڵاڤیچ، میساقێک بۆ کەنیسەکانی روسی نووسرا، دەیان بڕگەی زۆر گرنگی بۆ ئەوکات تێدابوو و یەک لەو بڕگانە باس لە تەڵاق دەکا و نووسرایە: کێشەی خێزانی بە ئاشتی چارەسەر بکرێ. ئەگەر ژن و مێرد ئاشت نەبوونەوە، بەگوێرەی ئەو میساق، مافی جیابوونەوەیان هەبوو، بەڵام چۆن وبە چ شێوەیەک پێکبێن یان لە چ حاڵەتێک ژن تەلاق بدرێ، ئاماژەی پێنەکراوە.

کەمێک دواتر و لەسەردەمی شازادە یارۆسڵۆڤ لە ناوەڕاستی سەدەی یازدە ئەم کێشەیە بە یاسا چارەسەر کرا. ئەگەر پیاوێک لەوکات ژنەکەی تەڵاقدابا، دەبوایە بڕە پارەیەکی زۆر بە ژنەکەی بدا، بەڵام ئەگەر تەڵاق بە ڕەزامەندی هەردووکلابا، بەجۆری دیکە یەکلا دەکرایەوە.

یارۆسڵاڤ تەڵاقدانی لەگەڵ ژنی نەخۆش یان نەخۆشی درێژخایەن قەدەغەکردبوو، بەهەمان شێوە تەڵاق لەگەڵ پیاوی نەخۆش و نەخۆشی درێژخایەنیش قەدەغەبوو. ئەو پیاوانەی لەبەر جادو یان مەشروب دروستکردن و خواردنەوە حوکمدرابوون بۆیان نەبوو ژنیان تەڵاق بدەن. بەکارهێنانی زەبروزەنگ و لەژندان بۆ ئەوکات، هیچ هۆ نەبوون ژن داوای تەڵاق و جیابوونەوە لە مێردی بکا.

تەڵاق یان جیابوونەوە لە ژن لە مێرد، لە کاتی زوو زیاتر لەناو خێزانی دەوڵەمەند و دەستەڵاتدار باوبووە، چینی هەژار و خوارەوەی کۆمەڵ، ئەگەر کۆیلەش نەبووبێ، لەبەر ژیانی سەخت و زگبۆشی و برسیێتی بێکۆتایی، بیریان بەلای جیابوونەوە و تەڵاق نەڕۆیشتووە. لەراستیدا کاتیشیان بۆ ژیانی خۆش و کات بەسەربردن لەگەڵ یەکتر نەبووە، تا لەیەکتر بێزار و توڕەببن و بیر لە تەڵاق بکەنەوە.

شازادەکانی روس هەندێکجار ژنیان بە بەهانەی زۆر سەیر و نامەنتقی تەڵاق دەدا هەربۆنموونە: سیمیۆن ئیڤانۆڤیچ گۆردی، شازادەی گەورەی مۆسکۆ و ڤلادێمیر، لە ناوەڕاستی سەدەی چواردە ژنی خۆی تەڵاقدا، بە بەهانەی ئەوەی لە شەوی بووکێنی ساردوسڕ و بێ روح بووە، کەچی هەمان ژن مێردی بە شازادە فیۆدۆر کردۆتەوە و هیچ کێشەی ساردوسڕی و جنسی نەبووە و چوار کوڕیشی لەو مێردە تازەیەی بووە.

روسیا یەک لەو وڵاتانەیە ڕێژەی تەڵاقی بەرز نییە. لە ساڵی 1840 دانیشتوانی روسیا 62 ملیۆن بووە و 198 تەڵاق هەبووە، لە ساڵی 1880 بەهەمووی 920 تەڵاق هەبووە و لە ساڵی 1890 دانیشتوانی روسیا 117 ملیۆن بووە و 942 تەڵاق هەبووە. حەوت ساڵ دواتر لە هەزار پیاوی ژندار یەک تەڵاق هەبووە.

لە ساڵی 2007 بۆ یەک هەزار خێزان 8.4٪ تەڵاق لە روسیا هەبووە. لەناو ئەوانەی لێکجیابوونەتەوە بە ڕێژەی 26٪ پیا و 25٪  ژن جارێکی دیکە ژیانی خێزانیان پێکهێناوەتەوە.

بە هەبوونی مافی مرۆڤ و نووسینی یاسای تێر و گەشەسەندنی دیموکراتی و پەرەسەندنی یەکسانی لە کۆمەڵ، لە پەنجا ساڵی ڕابردوو، لە ئەوروپا ژن وەک پیاو بە یاسا مافی جیابوونەوەی پێدرا. تەڵاقدان زیاتر عەیب نەما و شەرمەزاری بۆ خۆی و خێزان دروست نەدەکرد.

دیارە هەموو تەڵاقێک وەک یەک نییە، چونکە پەیوەندییەکان وەک یەک نین. لە روسیای ئەمڕۆ بە ڕێژەی 25٪ی ئەو خێزانانەی لێکجیا دەبنەوە، هۆکەی خیانەتە و خیانەتیش بێگومان پەیوەندی بە هەست و سۆزی ژن و مێرد بۆ یەکتر هەیە.

توێژینەوەکان دەریان خستووە، ئەو ژن و پیاوانەی پێش ژیانی هاوسەرگیریان جنسیان کردووە، ئاسانتر لەکاتی ژیانی هاوسەرگیرییان خیانەت دەکەن. بە گوێرەی هەندێک توێژینەوە 75٪ ئەو پیاوانەی جاری یەکەم خیانەت دەکەن، بۆچوونیان لەسەر خیانەت دەگۆڕدرێ و ئەو تامە وەرناگرن، کە پێشتر چاوەڕێیان دەکرد، خۆشەویستییان بۆ ژنەکانیان زیاتر دەبی. ئەو ژنانەی خیانەت لەمێردەکانیان دەکەن بە ڕێژەی 90٪ هیچ تام لەو جنسە لەناکاوە وەرناگرن و لێی پەشیمانن. بۆیەش بۆ سپیکردنەوەی ڕوو، ئاسودەکردنی روح، بۆ برادەرێکی نزیک پیاوگۆڕینەکەیان باس دەکەن.

خیانەت لە ئەوروپا هۆی سەرەکی تێکدانی خێزانە و لە زۆربەی کاتیش هیچ گرنگ نییە کامەیان خیانەتیان لە کامە کردووە. لێرە بووردن یان نەبووردنیش لە خیانەت، پەیوەندی بە مێژووی یەکترناسین و ڕێژەی خۆشەوسیتی و پەروەردەی هەردووکلا هەیە.

هەندێکجار خیانەت لەوە دەستپیدەکا، کە ژن یان مێرد بایەخی پێویستی پێنادرێ، گوێ لە گرفتەکانی ڕاناگیرێ، لایەنی جنسی تێرناکرێ، بۆیە بەدوای کەسێک دەگەڕێ ئەو بۆشاییانەی بۆ پڕبکاتەوە و ئەوی خۆشبوێ...

لەگەڵ ئەوەش بەگوێرەی توێژیەوەیەک 45٪ پیا و 35٪ ژن داخ لە جیابوونەوەیان دەخۆن و 5.9٪ پیا و 5.8٪ ژن هیوادەخوازن جارێکی دیکە پێکبێنەوە و خێزان بەیەکەوە دروست بکەنەوە.

زۆر لەو ژنانەی لە کوردستان خیانەت لە مێردیان دەکەن، پاساو بەوە دەهێننەوە، کە مێردیان: پیاو نییە و رەزیلە، توندە و لێیدەدا، ڕێزی ناگرێ و دیاری بۆناکڕێ، درۆی لەگەڵ دەکا و دڵی پیسە، بەگوێی ناکا و پشتگوێ دەخا...

لەوکاتەی ژنی کورد پیاو دەگۆڕی و خیانەتی لێدەکا، زیاتر بۆ تۆڵەسەندنەوە و سەرشۆڕکردنی مێردییەتی، نەک بۆ بنبڕکردنی کێشەی خێزانی و تام وەرگرتن لە جوتبوون.