بۆ رێگەگرتن لە لێكترازانی یەكێتی پڕۆژەیەك راگەیەندرا

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی پڕۆژەكە بڵاو دەكاتەوە

K24 - سلێمانی

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دوورخستنەوەی لێكترازانی حزبەكەی پڕۆژەیەك دەخاتەڕوو رایدەگەیەنێت: "بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی یەکێتی ئەم پرۆژەیەمان گەڵاڵە کرد وەکو ئەرکێکی حزبی و ئۆرگانی و مێژوویی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و رێکخستنی ناوماڵی یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگایەک بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

لەو پڕۆژەیەدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، چەندین خاڵ بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دیاركراون وەك ئۆرگانەكانی بڕیاردان و ھەماھەنگی و راوێژکردن بۆ کۆبوونەوەکان و بەستنی کۆنفرانسی مەکتەب و دەزگاکان و چەند خاڵێكی دیكە.

لە پڕۆژەكە ھاتووە: "پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، (ھەڤاڵان جێگرانی سکرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی (م.س) و ھەڤاڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی) راوێژو ھەماھەنگی بکەن بە مەبەستی سەرخستنی کۆبوونەوەکان".

دەقی پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی

لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەکریزی ھەڤاڵانی یەکێتی و پەی بردنمان بە گرنگی پتەوکردنی گیانی ھەڤاڵانە و دورخستنەوەی ئەگەری ترازان و پەیڕەوکردنی سیاسیەتی راست و دروستی چەپکەگوڵەکەی ھەڤاڵ مام جەلال، وە لەبەر ھەستیاری و گرنگی دۆخی ھەرێم و ناوچەکەو گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان، لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ ھەڤاڵە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی و دوای گفتوگۆی چڕ و پڕی راشکاوانە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی یەکێتی ئەم پرۆژەیەمان گەڵاڵە کرد وەکو ئەرکێکی حزبی و ئۆرگانی و مێژوویی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و رێکخستنی ناوماڵی یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەرێگایەک بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

یەکەم/ ئۆرگانەکانی بڕیاردان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

1- ئەنجومەنی سەرکردایەتی:

ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە بواری جێبەجێکردنی ئەرکەکانی (ی.ن.ک) دا لە نێوان دوو کۆنگرەدا بەرزترین دەسەڵاتەو ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکانی نێوان دوو کۆنگرەو داڕشتنی سیاسەتی گشتییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تردا، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی تر کە لە ماددەی (32) و ماددەکانی تری پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) پێیدراوە.

2- مەکتەبی سیاسی:

ئەرک و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی ھەیە لەگەڵ سەرپەرشتی کردن و رێنمایی کردنی ئۆرگانەکانی حزب و پەرەپێدانی پەیوەندی (ی.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانی تر و دەسەڵاتەکانی تر کە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) پێی دەدات .

دووەم/ ھەماھەنگی و راوێژکردن بۆ کۆبوونەوەکان:

پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، (ھەڤاڵان جێگرانی سکرتێری گشتی و لێپرسراو و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی (م.س) و ھەڤاڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی) راوێژو ھەماھەنگی بکەن بە مەبەستی سەرخستنی کۆبوونەوەکان.

سێیەم/ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی:

1- ئەنجومەنی سەرکردایەتی پاڵپشت بە ماددەی (33) لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) لە وادەی خۆیدا کۆبوونەوەی ئاسایی دەکات و لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجام دەدرێت.

2- کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی دەبێت، ئەگەر ئامادە نەبوو بەو رێکارانە دەبێت کە لە پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) دا ھاتووە .

چوارەم/ رێژەی یاسایی و چۆنیەتی دەنگدان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەورێوشوێنانە دەبێت کە لە ماددەی (5)ی پەیڕەوی ناوخۆی (ی.ن.ک) دا ھاتووە .

پێنجەم/ ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پەسەند دەکرێن دەبنە بڕیاری یەکێتی و دەبێت جێبەجێ بکرێن، وە لەوکاتەدا ھیچ ھەڤاڵێک دەسەڵاتی بڕیاری پێچەوانە و تاکڕەوانەی نیەو ئەنجومەنی ناوەندی چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.

شەشەم/ سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەشدار دەبێت .

حەوتەم/ چارەسەرکردنی دۆسیەکان:

دۆسیەی دارایی یەکێتی بە (داھات و خەرج) ەوە، دۆسییەکانی نەوت و گاز، پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی (ناوخۆیی و عێراقی و دەرەکی)، پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکێتی لە ھەرێم و بەغداد و ئاڵوگۆڕ لە پۆستە حزبی و حکومیەکان، بەستنی کۆنگرەی (4) و دۆسیەکانی تر بەپێی گرنگی و ئەولەویەتی دۆسیەکان بە بەرنامەیەکی گونجاو لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە ھەماھەنگی و بەبەشداری ئەنجومەنی ناوەندی چارەسەر بکرێن.

ھەشتەم/ بەستنی کۆنفرانسی مەکتەب و دەزگاکان:

بەمەبەستی کاراکردنەوەی ئۆرگانەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ و گونجاو بۆ ئەم قۆناغەو بۆ زیاتر پێشخستنی مەکتەب و دەزگاکان کۆنفرانسی تایبەت ببەسترێت بە پێی تایبەتمەندی ئۆرگانەکان، پاڵپشت بە ماددەی (48) بڕگەی (6) لە پەیڕەوی ناخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

نۆیەم/ بەمەبەستی رێگریکردن لەفرەلێدوانی و گەیاندن و شیکردنەوەی سیاسەت و پەیامی فەرمی یەکێتی بەرای گشتی و وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانەی دەدرێتە پاڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێویستە یەکێتی وتەبێژی فەرمی ھەبێت، یان پێکھێنانی ژورێکی راگەیاندنی پسپۆڕی تایبەتمەند بۆ ھەمان مەبەست.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان