كورد هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ زانینی روانگه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا

ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا و ئایینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئاڵوگۆڕی ئیدارەی ئەمریکا و هاتنی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کۆشکی سپی کورد هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕتر کردۆتەوە بۆ زانینی بۆچوونی و روانگەی ئەو ئیدارەیە لەبارەی پرسی کورد و چارەنووسی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەڕای شەڕی دوو ساڵەی داعش و قەیرانە داراییەکەی رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بۆتەوە، بەڵام پێگە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان لەوماوەیەدا بەرەوە بەهێزبوون رۆیشتووە و ترافیکی سیاسی و دیپلۆماسییەت لە هەولێر گەرمە و ئێستاش سەرکردایەتی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە تاوەکو ئیدارەی نوێی ئەمریکا هاوکاریی بێت لەقۆناخی داهاتوودا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپ، کورد چاوەڕێی تڕەمپ و کابینە نوێیەکەی دەکەن بۆ ئەوەی بزانن پرسی کورد لەکوێی پلانی ئایندەی ستراتیژیەتی ئەمریکادان. 

لەماوەی هەفتەی رابردوودا، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان و بەئەندامێتی فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکایان کرد و لەوێ هەوڵەکانی سەرکردایەتی کوردستانیان درێژپێدا بەمەبەستی بیستنی بۆچوونی سیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر بە کورد و هەروەها زانینی ستراتیژیەتی ئیدارەی نوێی واشنتن بەرامبەر بە چارەنووسی کوردستان لە ناوچەکە.

لە واشنتن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، تۆنی بلینکن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بۆب کۆرکەر، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە، کە ئەوەی دواتریان یەکێکە لە کاندیدانی تڕەمپ بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

پاشان لە هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای ئەمریکا و سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارانی کۆبوونەوە کە هەندێکیان نزیکن لەئیدارەی تڕەمپ و لەو کۆبوونەوەیەشدا ئەو ژەنەڕاڵ و دیپلۆماتکارانە رایانگەیاند کە بەڵێن دەدەن قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی تڕەمپ بکەن تاوەکو هاوکاریی زیاتری کوردستان و هێزی پێشمەرگە بکات.

هەرلەچوارچێوەی پتەوبووبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن، ئاشتۆن کارتەر سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بارزانی کۆبۆوە و ئەمەش چوارەم جارە وەزیری بەرگری ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا.