دكتۆر ئامانج عەبدوڵڵا: بەرەنگاربونەوەی بیری توندوتیژی بەرپرسیاریەتی ھەموو سێكتەرەكانە

کۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و پێکەوە ژیان بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەردەوامە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە دووەم رۆژی كۆنفرانسی لێبوردەیی و پێكەوەژیان چەند پانێلێك بەڕێوەدەچن و لە كۆتایشدا پێشنیازەكانی كۆنفرانس دەخرێنەڕوو.

دكتۆر ئامانج عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە كوردستان24 گوت: "لە رۆژی دووەمی كۆنفرانسدا ئەمڕۆ چەند پانێلێك بەڕێوەدەچن وەك، رۆڵی ئاین و پەروەردە لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر، ھەرێمی كوردستان دوای داعش، ھەروەھا تەوەرێكی دیكە لەسەر گرفتەكانی گوتاری ئاینی و دواین تەوەر و گرنگرترینیان كۆكردنەوەی ھەموو ئەو راسپاردە و پێشنیازانەی كە لە ئەنجامی گفتوگۆكان دروست دەبن، لێژنەیەكمان ھەیە ھەموو سەرنج و بۆچوونەكانی ناو كۆنفرانس تۆمار دەكات، لە كۆتاییدا پێشنیازەكان دەخەینەڕوو".

ئەوەشی خستەڕوو: "پرسی لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و میانڕەوی و رووبەڕووبوونەوەی بیری توندوتیژی و تیرۆرزم بەرپرسیاریەتی ھەموو سێكتەرەكانە لە ھەرێمی كوردستان، پێشنیازەكان دەخەینە بەردەم ھەموو ئەو سێكتەرانەی كە دەتوانن رۆڵی كارایان لەو بوارەدا ھەبێت".

دوێنێ کۆنفرانسی لێبوردەیی و ھەڕەشەی تیرۆر و ئەزموونی پێکەوە ژیان لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێكرد، ئەو كۆنفرانسە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ھەولێر رێکخراوە و  بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت.