ره‌شه‌با كاره‌بای كفری ده‌بڕێت
K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله با و بارانه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه،توندی با له ناوچه‌كانی گه‌رمیان زیانی به تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با گه‌یاندووه و هێڵی سه‌ره‌كی كاره‌بای نێوان شاری كه‌لار و كفری بچڕاوه.
هه‌رێم جاف په‌یامنێری كوردستان24 له گه‌رمیان رایگه‌یاند" به‌هێزی با و خراپی ره‌وشی كه‌ش و هه‌وا له ناوچه‌كانی گه‌رمیان بووه‌ته هۆی تێكچوونی تۆڕی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای نێوان شاری كه‌لاری سه‌نته‌ری ئیداره‌ی گه‌رمیان و شارۆچكه‌ی كفری و ئێستا كاره‌بای كفری بڕاوه.
سه‌باره‌ت به‌و گرفته (حازم كه‌ریم) به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای گه‌رمیان به كوردستان24 راگه‌یاند" به‌هۆی شه‌پۆلی به‌هێزی باوه كه ناوچه‌كانی گه‌رمیانی گرتووه‌ته‌وه كێشه بۆ تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با له نێوان ده‌ڤه‌ره‌كاندا دروست بووه،هه‌تا ره‌وشی كه‌ش و هه‌واش به‌و شیوه‌یه بێت تیمه‌كانمان ناتوانن تۆڕه‌كان چاكبكه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كێشه‌كه له‌و تاوه‌رانه‌ی هێڵی 132 كه‌یڤی دروستبووه كه له وێسگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵه‌وه بۆ گه‌رمیان هاتووه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له كاره‌با بێبه‌ش نه‌بن هه‌وڵده‌ده‌ین له رێگه‌ی شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه كاره‌با بۆ شارۆچكه‌ی كفری دابین بكه‌ین.
له ئێواره‌ی دوێنێوه شه‌پۆلێكی سه‌رما و باو باران رووی له ناوچه‌كانی هه‌ریمی كوردستان كردووه و به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی دامه‌زراوه‌كانی كه‌ش و هه‌وا تا چه‌ند رۆژێكی دیكه ئه‌و شه‌پۆله له‌سه‌ر ناوچه‌كانی باشووری كوردستان كاریگه‌ری ده‌مێنێت و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش له به‌یانی ئه‌مڕۆوه به‌فربارین ده‌ستیپێكردووه.