فەرید ئەسەسەرد: دەكرێ لەگەڵ پارتی و گۆڕان كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجامبدەین
K24 - ھەولێر
لەبارەی كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو ئەنجامبدرێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "شاندی پارتی بە جیا لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بكات دەكرێ كۆبوونەوەكە سێ قۆڵی بێت".
زەمینەسازی ھەیە بۆ كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تاوتوێكردنی مەسەلەكە لای ئێمە كۆتایی ھاتووە و ئەندامانی شاندەكەشمان دیاركردون ھەر ئەوە ماوە كاتێك شاندی ھەردوولا دەتوانن لەگەڵ یەكتر دابنیشن".
گوتیشی: "ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە بە تێڕوانینێكی رەوشنەوە بە دەنگ مەسەلەكەوە دەچین، ئەوەندەی پێمان بكرێت ھەوڵدەدەین كە ئەو وتوێژە بەو ئەنجامە بگات كە خەڵك چاوەڕێی دەكات".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: "كۆبوونەوەكانمان تەنھا لەبارەی پەیامەكەی بارزانییە كە ھەنگاوی یەكەمە بۆ ئەو كێشانەی كە ئێستا لە ھەرێمی كوردستان لە ئارادایە، ئەگەر لایەنەكان نەرمی بەرامبەر یەكتر بنوێنن رێك بكەوین، ئەو ھەلومەرجەی كە دوای رێككەوتنەكە دێتە ئاراوە دەتوانرێت باشتر كار بۆ چارەسەربكات".
فەرید ئەسەسەرد جەختیكردەوە: "یەكێتی بە یەك شاند لەگەڵ پارتی كۆدەبێتەوە و ئەندامانی شاندەكە لە ھەردوو گرووپی یەكێتین".