دەمیرتاش گەیەندرایە نەخۆشخانە

لەسەر داوای خۆیی پشكنینی بۆكراوە و چەند ساتێك لە نەخۆشخانە ماوەتەوە

K24 - ھەولێر

بەھۆی ناجێگری باری تەندروستیەوە لەسەرداوای خۆیی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلا (ھەدەپە) لە زیندانەوە بۆ پشكنینی تەندروستی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا شەوی رابردوو دەمیرتاش لە رێوشوێنێكی توندی ئەمنیدا دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، پزیشكان رایانگەیاندووە كە باری تەندروستی دەمیرتاش جێگیرە و دوای چەند ساتێك مانەوەی لەلایەن پۆلیسەوە گواستراوەتەوە زیندانی ئەدرنە.

پێشتر ئایھان بیلگەن گوتەبێژی ھەدەپە ئاشكرای كردبوو كە دەمیرتاش لە زیندان باری تەندروستی تێكچووە و تووشی گرژی ماسولەكی دڵ بووە و پێویستی بەچارەسەرە.

لە 4/11/2015 سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداغ ھاوسەرۆکانی پارتی دیموكراتی گەلان ھەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی دیكەی حزبەكەیان بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پەكەكە و سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆماری توركیا دەستگیركران، تا ئێستاش ھەڵمەتی ھێزە ئەمنییەكانی توركیا بۆ دەستگیركردنی سەركردە و ئەندامانی ھەدەپە بەردەوامە، لەم ھەفتەیەشدا ژمارەیەكی دیكە لە پەرلەمانتار و ئەندامی دیكەی ھەدەپە دەستگیركراون.