دەرباری: پێکهێنانی ژیانی خێزانی و پەیوەندی جنسی

Kurd24

تا سەرەتای سەدەی بیست، پەیوەندی جنسی لە نێوان ژن و پیاو بە ژیانی خێزانی بەسترابۆوە. ئەوان لە ڕوانگەی ئایینەوە دەیانڕوانییە خێزان و لە ئایینیش مومارەسەی جنس پێش شوکردن ڕێگای پێنەدراوە.

باسکردنی جنس لە سەدەکانی ناوەڕاست شەرم بووە و بە چاوی سووک سەیر دەکرا، لەهەمان کات پیاو بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆی یان مەعشوقی هەبووە یانیش سەردانی بۆردێل و ژنی لەشفرۆشی کردووە. لەوکات و هەندێک دواتر و پێشتر، ژن بێ ماف و بێ دەستەڵات کۆیلە یان نیمچە کۆیلە دەژیا.

لە نێوان 1668 – 1675 لە وڵاتی سوید 116 پیاو لەگەڵ 856 ژن بە بیانۆی جادوکردن و فاڵچێتی بە مەرگ حوکمدران. زۆر لەو ژنانەی بەر ئەو حوکمە کەوتن، خوێندەواربوون، یارمەتی خەڵکیان دەدا، پزیشکی میللی بوون و بە تەنها دەژیان. تاوانی بەشێکی زۆری ئەو ژنانە حوکمی مەرگیان بەسەردرا، خوێندەواری و لێهاتوویی و پێگەی دیاری ئەوان بوو لەناو کۆمەڵ... کەنیسە و دەستەڵاتی ئەوکات و پێشتر و دواتریش، ڕقیان لە ژنی خوێندەوار بوو، لێیان دەترسان، گۆڕانکاری و شۆڕش دژ بە حوکمی ئەوان بکەن.

تا سەدەی نۆزدە زۆر لەو کتێب و گوتارانەی تێیاندا باس لە سێکس دەکرا، سێکیان بە ژیانی خێزانی بەستبۆوە. سێکس لەگەڵ ژیانی هاوسەری لێک گرێدرابوو، ئەگەر چی ژیانی هاوسەری لەوکات کورت بوو. لە سەدەی هەژدە تەمەنی پێکەوە ژیانی ژن و مێرد 15ساڵ بوو، لە سەدەی بیست گەیشتە 23 ساڵ، لە سەدەی بیست و یەک ئەم ڕێژەیە بۆ 40 ساڵ بەرزبۆوە. ژن هێنانەوە یان مێردکردنەوە بۆ جاری دووەم و زیاتر، لە سەدەی هەژدە لەناو کۆمەڵ ئاسایی بوو.

چەند هۆیەک هەن تەمەنی پێکەوە ژیانی خێزانیان لە ئەوروپا درێژ کردۆتەوە لەوانە: بە پلەی یەک، تەمەنی مرۆڤ چۆتە سەر و جارەکانی دیکەش دیارە ژن و مێرد باشتر لەیەک دەگەن، ڕێزی یەکتر دەگرن و تێڕوانینی پیاو لەسەر ژن و ژیان و ژیانی خێزانی گۆڕدرایە. لەم دواییانە، لە ژیانی خێزانی پیاو زیاتر لە ژن رازییە و هەبوونی کێشەی خێزانی ژن زیاتر بریندار دەکا، بەڵام تەڵاق پیاوی ئەوروپی وێران دەکا.

تا کۆتایی سەدەی نۆزدە ڕێگا بە ژن نەدەدرا لە پەرلەمان و حکومەت بەشداربن. سۆنیا کۆڤالێڤسکی Sonja Kovalevsky (1850– 1891) لە ساڵی 1881روسیای جێهێشت و لە سوید گیرسایەوە، چونکە لە وڵاتی خۆی ڕیگای پێنەدرا بە ئازادی توێژینەوەکانی خۆی لە زانکۆ ئەنجام بدا. سێ ساڵ دواتر بووە یەکەم پرۆفێسۆری ژن لە زانکۆی ستۆکهۆڵم و وەک یەکەم پرۆفێسۆری ماتماتیکیش لە جیهان ناوبانگی دەرکرد.

لەسەرەتای سەدەی بیست، شۆڕشێکی نەرمی جنسی دەستی پێکرد. ژن ڕێزی زۆرتری گیرا و جەستەی نەرمولاری، پیاوی ناچارکرد، بەچاوی تازە بیبینێ و ئەو وەک خۆی قبوڵ بکا. لەوکاتەوە زیاتر شەرم نەبوو، ژن تام لە جوتبوون وەربگری. بۆئەوەی ژن تام زیاتر لەجوتبوون وەربگری زانای بەریتانی  Havelock Ellis لەوبڕوایەدابوو، دەبی ژن لەکاتی جوتبوون پەسیڤ بیت و پیاو یارمەتی بدا و بەرەو بەرزایی و لوتکە لەگەڵ خۆی بیبا.

بۆ ڕزگارکردنی ژن لە ژیانی بێ ماف، کۆمەڵێک نووسەر و زانای هەرە گەورەی سەدەی بیست، لەو خەباتە بێکۆتاییە هاتنە مەیدان و کتێب و توێژینەوەیان نووسی و بڵاوکردەوە. هەر یەک لە Sigmund Freud و Wilhelm Reich  و Emma Goldmanهەوڵیان دەدا و ویستیان مرۆڤ لە چەوسانەوە (کەبت)ی جنسی ئازاد بکەن.

لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو، ئازادی زیاتر بەژن درا، یاسای تێرتر و جوانتر نووسران، دین لە دەوڵەت جیاکرایەوە و شۆڕشیکی جنسی سەرتاسەری ئەوروپا و ئەمریکای گرتەوە و دروستکردنی ژیانی خێزانی لە شێوەی کلاسیک بەرەو لاوازبوون چوو. هەرچەندە هاوڵاتی ئەوروپی وەک پێشتر بۆ ژن مارەکردن (کەنیسە، مزگەوت، سینەگۆگ، قازی)یان هەبووە، بەڵام ئەوجۆرە مارەکردنە لە سی ساڵی ڕابردوو رێژەی زۆر دابەزیوە.

هەر کوڕ و کچێک ئەگەر پێکەوە بژین و یەک ئەدرێسیان هەبی، پێویستیان بە مارەکردنی رەسمی و سەردانی ئەو چوار شوێنەی سەرەوە نییە، بۆئەوەی وەک ژن و مێرد بەیەکەوە بژین و منداڵ دروست بکەن. بە گوێرەی ئامارێکی ساڵی 2007 ئەمجۆرە پێکەوە ژیانە لەنێوان کچ و کوڕ لە وڵاتانی سکەندناڤی زۆر بڵاوە و هەربۆنموونە: بە ڕێژەی 66٪ لە ئایسلاند، 55٪ لە سوید، 54٪ لە نەرویج، ٥٠٪ لە فەرەنسا، 21٪ لە ئیتالیا و بە ڕێژەی 2٪ لە یابان خەڵک بەمجۆرە دەژین.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نەرویجی، کە لەسەر بنەمای ئینتەرڤیو پێکهاتبوو لە (Demographic Research) بڵاوکراوەتەوە، کچ و کوڕ، پاساوی جیایان بۆ هاوسەرگیری رەسمی هەیە. کوڕ دەترسێ ئەو شێوە ژیانەی هەیەتی لەدەستی بچی نانداپەیداکردنی خێزانی بکەوێتە ئەستۆ، کچ پاساو بەوە دەهێنتەوە، کە تاقەتی ئاهەنگی هاوسەرگیری نییە، چونکە پارەی زۆری تێدەچی و کاتی زۆری بۆ خۆئامادەکردن دەوێ.

بە گوێرەی بەڵگە مێژووییەکان، تا کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، لە زۆر وڵات، ژن خاوەنی جەستەی خۆی نەبووە، بۆیە هەبوونی ماف و دەستەڵات بەسەر لەشی خۆ، بووە پرسیارێکی گرنگ و مەرکەزی مافی ژن، لە کۆمەڵگای دیموکرات. ئەگەر ژنێک مافی بەکارهێنانی جەستەی خۆی نەبێت، ئازاد نەبی لە هەڵبژاردنی باوک بۆ منداڵەکەی، هەڵبژاردنی هاوسەر بۆخۆی، ئازاد نەبی لە دروستکردنی پەیوەندی جنسی لەگەڵ ئەو کەسەی خۆی دەیەوێ، دیارە ئەو ژن لە کۆمەڵگایەکی نادیموکرات دەژی...