وەزیری پەروەردە: ھەندێك كەس لە دەرەوەی پەروەردە رێگەنادەن دەرگای قوتابخانەكان بكرێتەوە

"بەرپرسیاریەتی مێژووی دەكەوێتە ئەسۆی ئەو كەسانە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و شکاندنی بایکۆت، رایگەیاند بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان کردوەتەوە بەخوێندن، ئاشکراشی کرد کە ئەو ماوەیەی لەخوێندن بێبەش بوون، وەزارەت ناتوانێت قەرەبوویان بکاتەوە.

پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بەپێی رای زۆربەی شارەزایانی پەروەردە ئەو ماوەیەی لە خوێندن رۆیشتووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە قەرەبوو ناكرێتەوە و زەرەر و زیانی زۆر بەو قوتابی و خوێندكارانە دەگات كە بێبەشبوون لە خوێندن".

گوتیشی: "ھەندێك كەس لە دەرەوەی پەروەردە ھەیە رێگەنادەن دەرگای بەشێك لە قوتابخانەكان بكرێتەوە، ئەوانە بەرپرسیاریەتی مێژووی ھەڵدەگرن".