لە 21 گەڕەکی شاری ئامەد ھاتووچۆ قەدەخەکرا
K24 – ئامەد
پارێزگای شاری ئامەدی باكووری كوردستان قەدەغەی ھاتووچۆی لە 21 گەڕەكی سێ ناوچەی جیاوازی شارەكە راگەیاند.
پارێزگاری ئامەد ئاشكرای كرد، لە ناوچەکانی لجێ و ھێنێ و قاراز، لە کاتژمێر 5 بەیانی ئەمرۆوە ھاتووچۆ لە 21 گەڕەک قەدەخەکراوە و بە گوتەی پارێزگار، مەبەست لەو قەدەخەیە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە).
ناوچەکانی لجێ و ھێنێ کە ناوچەی شاخاوین، حکوومەتی توركیا گومان دەكات کە گەریلاکانی پەکەکە چالاکیی لێ ئەنجامبدەن و چەندین جار ھاتووچۆ لەو ناوچانە قەدەخە کراوە و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لێ ئەنجامدراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە رەوشی باكووری كوردستان بەھۆی شەڕ لە نێوان پەكەكە و ھێزەكانی توركیا بەردەومە و زیانی زۆریش بەر ھاووڵاتیان كەوتووە كە ناتوانن كاروباری رۆژانەی خۆیان رای بكەن، بەھۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە زۆربەی ناوچەكان ھاتووچۆ قەدەخە كراوە.