حزبی دیموکراتی کوردستان پرسی سکرتێر یەکلا دەكاتەوە

"تا ئێستا ساغ نەبووەتەوە كێ بكرێت بە سكرتێر داھاتووی حدك"
kurdistan24.net

K24 - كۆیە

ھەرچەندە خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان، داوایكرد كەسێك بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو دیار بكرێت ، بەڵام تا ئێستا پرسی سکرتێری نوێی حزبی دیموکراتی کوردستان یەکلا نەبووەتەوە، ئەندامێکی دەفتەری سیاسی ئەو حزبەش بە کوردستان24 گوت: "مانگی داھاتوو کۆمیتەی ناوەندی سکرتێرێکی نوێ ھەڵدەبژێرێت و لەئێستاشدا دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کراوەتەوە.

کەمال کەریمی  ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "تا ئێستا ساغ نەبووەتەوە كێ بكرێت بە سكرتێر، بەڵام لەناو كۆمیتەی مەركەزیدا ھەم بەخۆیان ئامادەیان تێدایە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە و ھەمیش لەناو كۆمیتە چاویان لەسەرە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بەوان پسپێرن".

گوتیشی: "ئەو پرسە بەكراوەیی ماوەتەوە و لە ماوەیەكی نزیك، رەنگە لە مانگی داھاتوو یەكلا بكرێتەوە".

عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "كاری دەفتەری سیاسی نییە ئەو پۆستە یەكلا بكاتەوە، بەڵكو كاری كۆمیتەی مەركەزییە و ئێمە ناتوانین ئەو مافە لە ھیچ كام لە ئەندامان بستێنینەوە كە بیانەوێت ئەو پۆستە وەربگرن".