کەنەدا کەرەستەی سەربازی نوێ رادەستی پێشمەرگە دەکات

حکوومەتی کەنەدا چەک و تەقەمەنی زیاتر دەداتە ھێزەکانی پێشمەرگە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24 راگەیاند، حکوومەتی کەنەدا کەرەستەی سەربازیی نوێی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە ھێزەکانی پێشمەرگە.

گوتیشی: "مەشق و راھێنانی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە پێشمەرگە بەردەوامە، ھەروەھا ھاتنی مەشقكاری نوێ بۆ ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و جۆرەھا مەشق بە پێشمەرگە دەكرێت، جگە لەوە ھاوكاری ئاسمانی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ماوە و بەردەوام پشتیوانی ھێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، ھاوكاری سەربازیش بەردەوامە لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە بۆ پێشمەرگە".

جەبار یاوەر روونیكردەوە: "دوایین ھاوكاری بۆ پێشمەرگە ئەوەیە، حكوومەتی كەنەدا كۆمەڵێك چەك و تەقەمەنی دیاركردووە بۆ ھێزی پێشمەرگە رەزامەندی فەرمی وەرگیراوە و لە ماوەیەكی نزیك دەگات".

ئاشكرای كرد: "پلان ھەیە بۆ ساڵی 2017 ئەمریكا دوو لیوای دیكەی پێشمەرگە، بەھان شێوەی لیوای 1 و 2  پڕچەك بكات و مەشق و راھێنانیشیان پێبكات".