پارتی لە سلێمانی دانووستانەکانی دەستپێدەکاتەوە

شاندی پارتی بە جیا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی سلێمانی بكات و سەرەتا لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دواتریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.

مونیر سەلیم پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە كاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆ شاندی پارتی لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە و كاتژمێر 2 پاش نیوەڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە".

مونیرسەلیم پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دەخاتەڕوو

لە 20/11/2016، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی گفتوگۆ بکەن، بارزانی داواشیکرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی و حکوومەت بکەن.

دوای پەیامەکەی بارزانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەستپێشخەری شاندێکی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکھێنا و گەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان دەستپێکرد، تا ئێستا شاندی پارتی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان کۆبووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆببێتەوە.