ھێمن ھەورامی: ئێستا كەشوھەوایەكی سیاسی لەبار ھەیە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكان

"كۆبوونەوەكانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە ئیجابی دەزانین"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ھێمن ھەورامی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 لەبارەی كۆبوونەوەكانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان رایگەیاند، چوونی شاندی پارتی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی یەكێتی دەستپێشخەریەكی ئەرێنییە و ئومێد بەخشە، ھەروەھا كۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دوای ساڵێك شكاندنی ئەو بەستەڵەكەیە كە لە نێوان پارتی و گۆڕان ھەبوو.

ھەورامی گوتیشی: "ئێستا كەشوھەواییەكی سیاسی لەبارتر و ئامادەسازیەكی دیكە ھەیە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكان، بەڵام ئەو كۆبوونەوانە بۆ بڕیار نەبوون، بەڵكو كۆبوونەوەكان بۆ راوێژن، پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، ھەرسێ خاڵە سەرەكییەكەی ناو بەیاننامەی سەرۆك پڕۆژەی پارتیشە، بۆ ئەوەی حزبە سیاسییەكان قسەی لەسەر بكەن".

راشیگەیاند: "ئێمە ئەو كۆبوونەوانەی كە كراون بە كەشوھەوای ئیجابی دەزانین، ھیوادارین دواو ئەم كۆبوونەوانەش لەسەر وردكردنەوەی میكانیزمەكانی چۆنیەتی بە دیھێنانیان بە ھەمان روحیەتی كۆبوونەوەكانی ئێستا بێت".