ژنانی سەركردە داوا دەكەن بەشداریان پێبكرێت لە شاندی حزبەكانیان
K24 - سلێمانی
لە پێکھێنانی شاندی دانووستاندنە سیاسییەکاندا، ژنانی سەركردە پێیانوایە بەشداری پێکردنی ژنان حزبەکاندا بە ھەند وەرنەگیراوە، بۆ ئەم مەبەستەش ژنانی سەرکردایەتی سەرجەم حزبەکان لە ئێستایە لیژنەیەکیان لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکانیان پێکھێناوە و دەیانەوێت فشارێکی جیدیتر بخەنە سەر حزبەکانیان تاوەکو دەنگی ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردان وەک دەنگی ھەر ئەندامێکی سەرکردایەتی پیاو وەربگیرێت.
نەرمین عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ژنان نەخوێندراونەتەوە لەو دانیشتن و دانووستاندانەی حزبەكان، ئێمە ئەمانەوێت دەنگی ژن لەو دانووستاندانانەدا ھەبێت، چونكە ئێمە خاوەن پێگەمان ھەیە لەناو حزبە سیاسییەكان".
ھەر لەوبارەوە مونیرەعلی ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوە ئیسلامی دەڵێ: "دەمانەوێت لەناو حزبەكانی خۆمان فشار دروست بكەین، بۆ ئەوەی ژنان بوونی خۆیان لەناو ناوەندەكانی بڕیار بسەلمێنن".
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ژنانی سەركردە لە ھەولێریش كۆبوونەوە ئەنجام بدەن و دواتر بەیاننامەیەك وەك فشار بۆسەر حزبەكانیان بڵاوبكەنەوە.