ھاووڵاتیانی كورد چوونە ریزەكانی حەشدی شەعبی رەتدەكەنەوە

"ھەر كوردێك دەیەوێت بەرگری لە گەل و نیشتمان بكات دەچێتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە ناونووسکردن كردووە بۆ چوونە ناو ریزەکانیان، وەك رایانگەیاندووە ھاووڵاتیانی کوردیش دەتوانن خۆیان ناونووس بكەن و بچنە ریزەكانیان، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیانی كوردستان ئەوە رەتدەكەنەوە و ئەو ھەوڵەی حەشدی شەعبی بە مەرامی سیاسی و مەزھەبی ناودەبەن.

ھاووڵاتیەكی كورد لە شاری سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ھەر كەسێك بچێت ناوی خۆی لە ریزەكانی حەشدی شەعبی بنووسێ ئەوە پشتكردنە كوردستانە، من بە كارێكی خیانەتكارانەی دەزانم بۆ كورد كە بچنە ریزەكانی حەشدی شەعبی، ھەر كوردێك دەیەوێت خزمەت بە گەل و نیشتمان بكات با وەك پێشمەرگەیەك بەرگری لە نیشتمان بكات".

یەكێك لە ھاووڵاتیانی دیكە كە بۆ كوردستان24 دوا ئەو پێیوایە: "مەترسییەكی گەورەیە كورد بچنە ریزەكانی حەشدی شەعبی، ئەگەری ئەوە ھەیە رۆژێك بێت دژی كوردستان بەكاریان بێنن".