شەوی یەڵدا لە تاران

"ھەموو ساڵێك شەوی یەڵدا دەكەین بە جەژن"
kurdistan24.net

K24 – تاران

شەوی یەڵدا كە دوایین شەوی وەرزی پایزە و بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، خەڵكی تاران بە جۆش و خرۆشەوە وەك بۆنەیەكی تایبەت ئەو شەوە بەڕێدەكەن، بەر لەھاتنی ئەو شەوە ھاووڵاتیان خۆیان ئامادە دەكەن و سەرقاڵی كڕینی كەلوپەل و خواردن دەبن بۆ ئەوشەوە، ئەمەش جوڵە دەخاتە ناو بازاڕەكانی تاران.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی شەوی یەڵدا لە تاران شووتی خواردنە، بۆیە زۆربەی خەڵكی تاران لە بازاڕەكان شووتی دەكڕن، جگە لەوەش میوەجات و جەرەزات لە ماڵەكان ئامادە دەكرێت و ئەو شەوە لە ماڵە گەورەكان كۆدەبنەوە بە خواردن و گۆرانی و میوزیك و چالاكی جۆراوجۆر ئەو شەوە بەسەردەبەن.

ھاووڵاتیەكی تاران كە لە بازاڕ سەرقاڵی كڕینی میوەجات بوو بە كوردستان24 گوت: "ھەموو ساڵێك لە شەوی یەڵدا كۆدەبینەوە و دەیكەین بە جەژن و بە پێكەنینەوە ئەو شەوە بەسەر دەبەین".

یەكێكی دیكە لە ھاووڵاتیانی تاران دەڵێ: "من كریستیانم و چەندین ساڵە لە ئێران دەژیم، ھەموو ساڵێك شەوی یەڵدا دەكەین بە جەژن ھەرچەندە نازانی ئەو بۆنەیە لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام وەك ئێرانییەكان لە ماڵی گەورەی بنەماڵەماندا كۆدەبینەوە".