لە توركیا شەقامێك بەناوی باڵیۆزی رووسیا دەكرێت

"ناوەکەی ھەم لە ئەنقەرە ھەمیش لە دڵماندا زیندوو رادەگرین"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەو شەقامەی باڵیۆزخانەی رووسیای لێیە لە ئەنقەرە بەناوی ئاندری کارلۆڤ باڵیۆزی رووسیای دەكەن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ئەنادۆڵو، پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، چاوشئۆغڵۆ بە لاڤرۆڤی گوتووە ئەو شەقامەی باڵیۆزخانەی رووسیای لێیە لە ئەنقەرە بەناوی كارلۆڤی دەكەن.

چاوشئۆغڵۆ ئەوەشی خستوەتەڕوو، مەبەست لە ناولێنانی ئەو شەقامە بە ناوی كالۆڤ ئەوەیە، ناوەکەی ھەم لە ئەنقەرە، ھەمیش لە دڵماندا زیندوو رادەگرین.

شەوی رابردوو ئاندری کارلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە لە کاتی بەشداریکردنی لە پیشانگەیەکی ھونەرییدا، تەقەی لێکرا و دوای بە سەختی برینداربوونی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەكەش سەرۆك كۆماری توركیا و بەرسانی ئەو وڵاتە ئیدانەی كوشتنی كارالۆڤیان كرد و رایانگەیاند، كە رێوشوێنی ئەمنی دەگرنەبەر بۆ ئاشكرا كردنی ئەو كەسانەی لە پشت ھێرشەكە بوونە.