شیكاریی... خاڵە بەھێز و لاوازەكانی جارنامەی مافی ھاوڵاتیبوونی ئێران له‌ نێوان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی رۆحانی و جێبه‌جێكردنیدا

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادا

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران 4 مانگ بەر لەتەواوبوونی وادەی سەرۆككۆمارییەكەی پەردەی لەسەر جارنامەی مافی ھاووڵاتیبوون لەئێران لادا. ئەو جارنامەیە قسەوباسی زۆری لێكەوتەوە. ھەندێك بەدەرفەتی دەزانن، ھەندێكیش بە دووپاتكردنەوەی بەڵێنەكانی پێشوو كە ھیچیان جێبەجێ نەكراون، بەشێك لە چاودێرانیش دەڵێن شتێكی نوێی تێدا نییە، ھەمووی ئەوانە لە یاسای بنەڕەتی ئێران و یاسای تاوانەكانی ئێران باسكراون.

جارنامەكەی حەسەن رۆحانی رۆژی 19-ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند 22 خاڵ و 122 بڕگە و 5 رێكاری جێبەجێكردن لەخۆی دەگرێت، لەو جارنامەیەدا باس لە ئازادی رادەربرین، رێزگرتن لە جیاوازی زمان و كلتورە جیاوازەكانی ئێران كراوە،و ھاوكات باس لەوەش كراوە كە نابێ لەزیندانەكان ئەشكەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ بمێنێت، چەندین خالی دیكەی پەیوەندیدار بەژیانی ھاووڵاتیانیش لەخۆی دەگرێت، سەرۆككۆماری ئێران یاریدەدەرێكی خۆشی بۆ جێبەجێكردنی راسپاردووە و لە 20-ی ئۆكتەبەریش لانیكەم لەلایەن حكومەتەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

راپۆرتێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر جاڕنامه‌كه‌ 

لەمپەرەكانی بەردەم ئەو جارنامەیە

چاودێران دەڵێن گرفتی سەرەكی ئەو جارنامەیە ئەوەیە كە لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتی ئێران نووسراوەتەوە، لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا مەزھەبی شیعەی ئەسنا عەشەری (شیعەی دوازدە ئیمامی) ئاینی فەرمی ئێرانە، ھاوكات فارس تاكە نەتەوەی فەرمی ئێرانە و دەبێ خوێندنی فەرمی بەزمانی فارسی بێت و ھەموو نەتەوەكانی دیكەی ناو ئێران بە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران بە قەوم واتا "ئەتنیك" دەناسرێن و زمانەكانی دیكەش زۆر جاران بە زاراوە (لەھجە) دەناسرێن.

مەجید حەقی بەرێوەبەری ناوەندی ئاشتی  و دیموكراسی

مەجید حەقی بەرێوەبەری ناوەندی ئاشتی  و دیموكراسی بەكوردستان 24-ی گوت كە كۆی جارنامەكە لەسەر بنەمایەكی ھەڵە نووسراوەتەوە، ھەربۆیە ھیچ لە وەزعی ئێستای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان ناگۆرێت.

ھاوكات گرفتێكی دیكەی جارنامەی مافی ھاووڵاتیبوونی حەسەن رۆحانی ئەوەیە كە ھەر لەسەرەتاوە نەتەوەی فارس و مەزھەبی شیعەی دوازدە ئیمامی بەسەر ھەموو ھاووڵاتیانی ئێراندا دەسەپێنێت و ئەوەش بەرای مەجید حەقی بنەمایەكی ھەڵەیه‌ و كۆی جارنامەكە دەخاتە ژێر پرسیاره‌وه‌.

گرفتێكی دیكەی بەردەم ئەو جارنامەیە رۆژی راگەیاندنی لەسەر زاری حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران باسكرا، رۆحانی گوتی جگە لەحكومەت دەبێ دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمانی ئێرانیش یارمەتیدەری پرۆژەكە بن، چونكە بەبێ ئەوان جارنامەكە وەكوو خۆی جێبەجێ ناكرێت.

ساڵح نیكبەخت /  پارێزەر

ساڵح نیكبەخت كە خۆی وەكوو پارێزەرێك لەو رێورەسمەدا بەشداربوو كە سەرۆككۆماری ئێران جارنامەی مافی ھاوڵاتیبوونی راگەیاند بە كوردستان 24-ی گوت كە ئەو جارنامەیە نە یاساییە و نە مامەڵەی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)-ی لەگەڵ دەكرێت، ھەربۆیە دامەزراوەكانی دیكەی دەرەوەی حكومەت كە بەھێزن خۆیان بە بەرپرسی جێبەجێكردنی نازانن و ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و ھەندێك ناوەندی دیكە یارمەتیدەر نەبن، جارنامەكەی رۆحانی سەر ناگرێت.

 گەشبینەكان بە جارنامەی ھاوڵاتیبوون لە ئێران

لەگەڵ ھەموو ئەوانەش ژمارەیەك لە ده‌سته‌بژێری سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی لەناوخۆی رۆژھەڵاتی كوردستان بە جارنامەی مافی ھاوڵاتیبوون گەشبینن، چونكە دەڵێن بەراشكاوی بەرگری لەھەندێك ماف كردووە، كە پێشتر بەیەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگا دەناسرا و لەپێش ھەمووشیان ھەبوونی ئازادی رادەربرین، ئازادی پەرەپێدان بە ناسنامەی ئەتنیكی لەناوخۆی ئێرانە.

ساڵح نیكبەخت وەكوو پارێزەرێك بەكوردستان 24-ی گوت كە ئەگەرچی جارنامەكەی رۆحانی لەمپەری زۆری لەبەردەمە بەڵام دەكرێ ھاوڵاتیانی ئێران بەگشتی و كوردەكانیش بەتایبەت پێشوازی لێبكەن، بە گوتەی نیكبەخت حەسەن رۆحانی لە كاتی بانگەشەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماریدا بەڵێنی بەخەڵكدا كە مافی ھاوڵاتیان كە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا ھاتووە، وەكوو خۆی جێبەجێ دەكات، ئێستا كە دەیەوێت ئەو مافانە كەم یان زۆر جێبەجێ بكات، دەبێ ھەموو لایەك و لەپێش ھەموویان كوردەكان پێشوازی لێبكەن، ھەربۆیەش ئه‌و پارێزەرە ئەوە بەھەنگاوێكی سەرەتایی دەزانێت.

لەلایەكی دیكەشەوە ھەندێك لەچاودێران پێانوایە كە جارنامەكە باسی لەھەندێك ماف كردووە، كە تەنانەت لەناو یاسایی بنەڕەتی ئێراندا باس نەكراون.

عوسمان موزەیەن / پارێزەر

عوسمان موزەیەن پارێزەر لەتاران بە كوردستان 24-ی گوت كە ئەو جارنامەیە گرنگەو دەبووا زۆر زووتر بڵاوكرابایەوە، چونكە رۆحانی لەكاتی ھەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی بەخەڵك دابوو، لەگەڵ ئەوەش موزەیەن نایشارێتەوە كە ئەو جارنامەیە كرانەوەیەكی سیاسی و مەدەنی بۆ چالاكوانان دروستدەكات و زەمینە بۆ دروستكردنی حزبی سیاسی دیكەش دەكاتەوە، بەڵام ئەو پارێزەرەش پێیوایە كە جارنامەكە بۆ جێبەجێكردنی گرفتی سەرەكی دەبێ.

كۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جارنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەپرسی مافی مرۆڤ و مافی ھاوڵاتیان واژۆكردووە، لەوانە جارنامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی ، كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی رێگریكردن لە جینۆساید، كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی لابردنی جیاوازی رەگەزی و زۆر جارنامەی دیكەش، بەڵام بەردەوام لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوە تۆمەتباركراوە كە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەكات و مافی كەمینە نەتەوەیی و مەزھەبییەكان بەفەرمی ناناسێت، تاكوو ئێستاش ھەندێك گەمارۆی ئەمریكا لەسەر ئێران ھەر ماون، كەپەیوەندیان بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە ھەیە.

حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆككۆماری ئێران

ھەربۆیە مەجید حەقی بەرپرسی ناوەندی ئاشتی و دیموكراسی لەرۆژھەڵاتی كوردستان پێیوایە كە جارنامەكە خۆی دووپاتكردنەوەی ئینكاری نەتەوەكانی دیكەی ئێرانە و ھاوكات ھەوڵێكی حەسەن رۆحانیشە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆككۆماریدا سرنجی دەنگدەران و چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆلای خۆی رابكێشێت.

ئاماده‌كردنی/ ژیوار ره‌سوڵی