کەسانی قارەمان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی

Kurd24

دە ساڵی ڕێکە بەرنامەی (قارەمانانی سوید - Svenska Hjältar) لە کەناڵی چوار لە کۆتایی دێسێمبەر پێشکەش دەکرێ. کەسە قارەمانەکان لەلایەن خەڵکی سویدەوە پێشنیاز دەکرێن و لیژنەیەکیش دادەمەزرێ بۆئەوەی لەناو ئەو هەموو پاڵێوراوانە چەند قارەمانێک هەڵبژێرن.

ئەندامانی لیژنە، کەسانی خۆشەویست و بەناوبانگی سویدن و لەبوارەکانی سیاسەت و فەرهەنگ و وەرزش و چالاکی مەدەنی کار دەکەن. لیژنەی ئەمساڵ لە 11 ئەندام پێکهاتبوو، لەوانە Ingvar Carlsson سەرۆک وەزیرانی پێشتری سوید (1986 - 1996)، Peter Forsberg یەک لە یاریزانە هەرە بەناوبانگەکانی هۆکی لە جیهان هەروەها نووسەر و هونەرمەندی بەناوبانگی سوید، Özz Nujen، کە بەرەگەز کوردە، قارەمانەکانی ئەمساڵیان (2016) بۆ سوید هەڵبژارد.

خەڵاتەکان بەو ناوانە بوون: (فریشتە، قارەمانەکانی پاراستنی ژینگە، باشترین دراوسێ، دڵدانەوە، بەهاناوەهاتن، ژیان ڕزگارکردن...هتد، لە ئێوارەی هەینی ڕێکەوتی 16ی دێسێمبەری 2016، بە قارەمانەکان بەخشران. لەوانەیە هەندێک لەو ناوانە بەزمانی کوردی باش نەیەتە سەرزار، بەڵام کارەکان جوانن و شایەنی وەرگرتنی ئەمجۆرە پاداشت یان خەڵاتەن.

Lasse Wennman ئەمساڵ خەڵاتی ژینگەی وەرگرت، رۆژانە سەردانی دوکانە گەورەکانی شاری Gävle دەکات و ئەو تەڕە و خواردنانەی دوکانەکان دەیانەوێ فڕەی بدەن، کۆیان دەکاتەوە و لە شوێنێکی تایبەت بە خۆڕایی بەسەر خەڵکی کەم دەرامەت دابەش دەکا. لەڕاستیدا، خواردنەکان هێشتا زۆر باشن و کەلکی خواردنیان هەیە. ئەم خەڵاتەی لاسسێ بەهاوکاری ڕێکخراوی WWF پێشکەش دەکرێ. لە کۆبوونەوەی ساڵانە، لاسسێ داوەتکراوە، کە بەدرێژی باس لە پرۆژەکەی بۆ ئامادەبووان و لەناو ئەوانیش بۆ مەلیکی سوید بکا.

Pär Johansson - پێر یوهانسۆن بۆماوەی بیست ساڵە کار لەگەڵ خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکا. ئەو گروپێکی مۆسیقای لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت (مەنگۆل) دروستکردییە و شارە و شار لە سوید دەگەڕێن و کۆنسێرت پێشکەش دەکەن. گرنگی ئەم گروپە لەوەدایە، کە ئەمجۆرە کەسانە تاڕاددەیەک لەبیرکراون، کەچی ئێستا بە هیممەتی پێر، بڕوایان بەخۆیان هەیە و خۆیان خۆیان دەژیێنن و زیاتر هاوڵاتی پلە دوو نین... ئەم گروپە ورەبەرزیێک بە هەموو ئەوانە دەدا، کە خاوەن پێداویستی تایبەتن... پێر یوهانسۆن خەڵاتی لەلایەن ئەمیرە سۆفیا پێبەخشرا.

گروپێک لە ئاگرکوژێنەوە و ئیسعاف، بەهانای سێ گەنج هاتن، لەوکاتەی بەلەمەکەیان وەرگەڕا و پلەی ئاوی روبارەکەش تەنیا چوار پلە گەرم بوو. بە هەوڵ و هیممەتی ئەوان و بەردەوامبوون لەسەر هێنانەوە بەری ژیان، وەک موعجیزە هەرسێکیان لەمردن رزگار کردن.

خەڵاتی باشترین دراوسێ، بە کۆمەڵێک دراوسێ درا، لەوکاتەی چەند پەناهەندەیەک بۆ گوندەکەیان بردران، بەهانایانەوە هاتن و بۆ ئاهەنگ و بۆنە خۆشەکان بانگیان دەکردن و یارمەتییان دەدان زووتر بکەونە سەر سککە و غەریبی لەبیربکەن.

هەردوو کیژEmma Blomdahl  و Julia Östfeldt خەڵاتی هاومرۆڤییان وەرگرت. ئێممە لەلایەن کەسێكی نەناسراوەوە ئێوارەیەکی درەنگ تەعەدای جنسی لێکراوە و یولیاش لەلایەن مێردەکەی تەعەدای جنسی و دەروونی و جەستەیی بۆماوەیەکی درێژ لێکراوە. ئەم دوو کیژە لە گروپی تێراپی – چارەسەری دەروونی، یەکتریان ناسی و تێگەیشتن زانیاری کەم لەسەر ئەمجۆر توندوتیژییە هەیە. بەیەکەوە ڕێکخراوێکیان دامەزراند و ئێستا یارمەتی ئەو کیژانە دەدن، کە تووشی هەمان کارەساتی لەبیرنەکراوی وەکخۆیان هاتوون.

خەڵاتێکی دیکە بە Anita D'Orazio درا. ئەم ژنە تەمەن هەشتا ساڵە، چل ساڵە یارمەتی پەناهەندە دەدات و کار بۆ ئیقامەوەرگرتنیان دەکا و پێش چەند ساڵێکیش بەیارمەتی دوو دکتۆر توانی نەخۆشخانەیەک لە ستۆکهۆڵم بۆ ئەو کەسانەی هیچ کاغەز و بەڵگەیەکیان نییە و ئیقامەیان لەسوید وەرنەگرتووە کردۆتەوە. ئانیتە پێش چل ساڵ لە کۆمپانیایەکی رێکلام کاری دەکرد، وازی لەوکاری هێنا، بۆئەوەی وەک مامۆستای زمانی سویدی لەگەڵ پەناهەندە تازەکان کار بکات و دواتریش بەمشێوەی ئێستا یارمەتییان بدا.

براوەکانی خەڵاتی قارەمانی سوید، بەڵگەنامەیەک و پەیکەرێکی بچووک وەردەگرن و بۆ هەندێک، بلێتی کۆنسێرت بۆ ئەوانەی دیکە سەفەرێکی کورتە و هیچیشیان پارە وەرناگرن، لەگەڵ ئەوەش خەڵاتێکە زۆر گەورەیە و لە ئەنجامی کارکردنی خۆبەخش بۆماوەی چەندین ساڵ دەبەخشرێ... بێگومان وەرگران شانازی دەکەن، بەوەی ئەو کارەی ئەوان بۆ هەندێک کەسی دەرەوەی گڕوپەکەیان جێی بایەخ و گرنگە...

لە کوردستان جارێ ئەمجۆرە خەڵاتانە بەو ناوانەنین، بەڵام هیچ ناکاتە ئەوەی، کوردستان ئەزمەی قارەمانی هەیە نەخێر، کوردستان و هەموو ئەو وڵاتانەی وەک کوردستان پڕکێشەن، لانەی کەسانی قارەمانن و کەسانی قارەمانیان لە وڵاتانی هێمن و دوور لەشەڕ گەلەک زۆرترە... هەربۆنموونە: ئەو پیشمەرگانەی گیانی خۆیان بەخت دەکەن، دایکانی پێشمەرگە و شەهید، ئەو کەسانەی لە رۆژی گرانی و ناخۆشی یارمەتی هەزاران هەزار کەس بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەدەن، ئەو مامۆستایانەی وەک سەربازی ون بەدڵ و بەگیان لە قوتابخانەکان منداڵ پەروەردە دەکەن، ئەو رۆژنامەنووسانەی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسی، بۆئەوەی هەندێک زانیاری شاراوە ئاشکرا بکەن... هەموو ئەوانە و زۆر زیاتریش، کە ناویان لەم گوتارە نەهاتووە قارەمانن... دەزانین ئەمجۆرە بەرنامانەی تەلەفزیۆن لە کوردستان نین، بەڵام زۆر لە قارەمانەکانی ئێمە هەرخۆیان نایانەوێ باس بکرێن یان پیشان بدرێن.

ڕاستە خەڵاتەکان لە سوید و بۆ هاوڵاتییانی سویدە بەڵام زۆر بەئاسانی دەکرێ، کەسەکان وەک قارەمانی جیهان یان قارەمانی مرۆڤایەتیش سەیر بکرێن، چونکە هەموو جۆرەکانی خەڵات ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانەوە هەیە، پەیوەندییان بە یارمەتییەوە هەیە، پەیوەندییان بە مرۆڤ و بە مرۆڤدۆستییەوە هەیە، پەیوەندییان بە هەست و سۆزەوە هەیە، پەیوەندییان بە بەهاناوەهاتنی کەسانی لاواز و بێدەستەڵاتەوە هەیە.