نێچیرڤان بارزانی داوا له‌ كه‌نه‌دا ده‌كات كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌ی هانبدات وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان بكه‌ن

وه‌زیری به‌رگری كه‌نه‌دا: سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی هاندەرێكی باشه‌ بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هارجێت ساجان وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری کۆبۆوە.

وه‌زیری به‌رگری كه‌نه‌دا، دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، خۆڕاگربوونە و لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشوەچوونی باشیان بەدەست هێناوە، هه‌روه‌ها ستایشی پێشمەرگەشی كرد كە لەگەڵ پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدی هاوكارییەكی باشیان هەیە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ دابینكردنی هاوكاریی پێویست، نیشاندا.

هەروەها وەزیری بەرگری رایگەیاند سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بە هاندەرێكی باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی زانی بۆ ئەوەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و وەبەرهێنانی تیادا ئەنجام بدەن و حكوومەتی كەنەداش لەمبارەیەوە دەتوانێت وەبەرهێنەرانی هان بدات. تیشكیشی خستە سەر پلانێكی گشتگیر بە بەشداریی هەموو لایەنەكانی عیراق و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ تاوەكو سەقامگیری لە ناوچەكە دروست بێت و متمانە بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی كەنەدای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدی بەرز نرخاند، هەروەها هیوای خواست هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە، چونكە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد كە لەڕووی سەربازییەوە هەماهەنگییەكی زۆر باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییەشی دووپات كردەوە، هه‌روه‌ها سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیشی كرد بۆ هاوكارییە مرۆییەكانیان لە ڕابردوودا و هیوای خواست لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە هاوكار بن، هەروەها بە پێویستی زانی پلانێكی گشتگیری سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ و گەڕاندنەوەی متمانە و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەكە و شادبوونیان بە زێدی باب و باپیرانیان، هەبێت.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌ وێبسایتی فه‌رمی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سەبارەت بە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕەوشی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە ئێستا و لە داهاتوودا هەیە بە شێوەیەك ئەم دەرفەتە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی عیراق بگوازرێتەوە و لەمبارەیەشەوە دەكرێت هەر لە ئێستاوە زەمینەسازی بكرێت. داوای لە شاندی میوانیش كرد كۆمپانیا كەنەدییەكان هان بدەن تاكو لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.