نێچیرڤان بارزانی: سیسته‌می ته‌ندروستی هی سه‌رده‌می سه‌دامه
K24 - هه‌ولێر
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵیادی رۆژی جیهانی دڵ و كۆنفرانسی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ له هه‌وڵیر رایگه‌یاند نزیكه‌ی 4000 هه‌زار نه‌خۆشی دڵ له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراون و 1700 له‌وان چاره‌سه‌رییان بۆ كراوه.
نێچیرڤان بارزانی هه‌ر له‌باره‌ی كه‌موكورتییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌و سیسته‌مه دا كه له مێژه له ته‌واوی عێراق په‌یره و كاری پێ ده‌كرێت و داوای گۆڕینی كرد.
له‌مباره‌وه ئاماژه به‌م سیسته‌مه سوسیالیستییه‌ی ته‌ندروستی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و داوای كرد سه‌ندیكای پزیشكان خه‌مخۆری گۆڕینی سیسته‌می ته‌ندروست بن و پیداچوونه‌وه به ته‌واوی سیسته‌مه‌كه بكرێت، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو بواری یاسایی و كارگێڕی.
گوتیشی "حكوومه‌ت خۆی كردووه‌ته به‌رپرسیاری هه‌موو پێداویستییه‌كی ته‌ندروستی، به‌ڵام ناشتوانێت جێبه‌جێ بكات، سیسته‌مێكی كۆنی سۆسیالیستی سه‌رده‌می سه‌دامه و له هه‌موو عێراق ئه‌م كێشه‌یه گه‌وره‌یه هه‌یه و پیویسته ئه‌م هزره بگۆڕدرێت و كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێ پشتگیری بكرێت".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له درێژه‌ی قسه‌كانیدا تیشكی خسته سه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانی كارمه‌ندانی كه‌رتی ته‌ندروستی كه سه‌رباری ره‌وشی سه‌ختی دارایی نه‌یانهێشتووه ئه‌م كه‌رته بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی په‌كی بكه‌وێت.
بۆ ئه‌و بواره‌ش ئاماژه به شه‌و و رۆژ كاركردنیان كرد، به‌تایبه‌تی بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به ئاواره‌كانی ئه‌و دواییه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا و داواشی كرد به‌غدا له‌مباره‌وه پشتگیری هه‌رێم بكات كه پێویستیان به یارمه‌تی زیاتری ته‌ندروستی بۆ ئاواره‌كان هه‌یه.
له كۆتاییشدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی، كوه‌یت و ئوردنی كرد كه له‌مباره‌وه یارمه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان داوه.