عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: پەیامەكەی بارزانی بارودۆخی ھەرێمی بەشێوەیەكی باش گۆڕی
K24 - ھەولێر
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای پەیامەکەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بارودۆخی ھەرێمی كوردستان بەشێوەیەکی باش گۆڕدراو و سەرجەم کۆبوونەوەی لایەنەکان زۆرباش و ئیجابی بووە.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: "پەیامەکەی بارزانی بووە ھۆی ئەوەی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باش بگۆڕدرێت، ھێزە سیاسیەکان وەڵامی ئیجابی باشیان دایەوە و چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەفدی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بەرێوەچووە".
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێ: "ئەو شاندەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە چەند رۆژی رابردوو سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ ھەریەکە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوە، كۆبوونەوەكان بە گشتی باش و ئیجابی بوون".
عیرفان عەلی عەبدولعزیز ئاشكرای دەكات: "لە شاندەكەی پارتیمان پرسی کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھێزەکانی دیکە بە تایبەت یەکێتی و گۆڕان چۆن بووە، ئەوان لە وەڵامدا گوتیان کە کۆبوونەوەکان کۆبوونەوەی باش بوون و بزووتنەوەی گۆڕانیش خۆشیان کۆبوونەوەکەیان پێ باش بووە و بە کۆبوونەوەیەکی ئیجابیان وەسف کرد".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوە دەخاتەڕوو: "شاندی پارتی لەگەڵ مسعوود بارزانی کۆدەبنەوە و رابۆچوونی لایەنەکان ھەڵدەسەنگێنن و دواتر لەکۆی ئەو کۆبوونەوانەی کە کراوە لەگەڵ لایەنەکان، پڕۆژەیەک گەڵاڵە دەکەن و کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان".