چه‌ند وێنه‌یه‌كی نوێی هۆزه‌كانی ئه‌مازۆن بڵاوده‌بنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وێنه‌گرێكی به‌رازیلی، به‌ناوی ریكاردۆ ستاكرت، به به‌كارهێنانی هه‌لیكۆپته‌رێك، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی، به‌سه‌ر دارستانه باراناوییه‌كانی ئه‌مازۆندا ده‌سووڕێته‌وه و چه‌ند وێنه‌یه‌كی نوێ و ده‌گمه‌نی هۆزه‌كانی ئه‌و دارستانه ده‌گرێت و بڵاوییانده‌كاته‌وه.
وه‌ك له وێنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، پیاوانی ئه‌و هۆزه دابڕاوانه له دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، هه‌وڵییانداوه به تیر و رمه دارینه‌كانی ده‌ستییان، هه‌لیكۆپته‌ره‌كه له‌خۆیان دووربخه‌نه‌وه، به‌و پێیه‌ی ته‌نێكی نامۆیه و مه‌ترسی بۆ ئه‌وان ده‌بێت.
ئه‌و هۆزه وه‌ك پێشینانی خۆیان، به گوێره‌ی سه‌رچاوه زانستییه‌كان، ماوه‌ی زیاتر له 20 هه‌زار ساڵه به‌و شێوه‌یه و له‌و دارستانه ده‌ژین، كه شێوازی ژیانییان زۆر سه‌ره‌تاییه.
وێنه‌گره‌كه باس له‌وه ده‌كات، كه به‌هۆی گه‌رده‌لوول و باهۆزه‌وه رێڕه‌وی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه گۆڕاوه و به‌و هۆیه‌وه توانیویه‌تی به‌كامێراكه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و كه‌سانه بگرێت.
ئه‌و وێنه‌گره بۆ ناشناڵ جیۆگرافیك، ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی من بینیم خه‌ڵكی ئه‌و هۆزه زۆر به تاسه‌وه سه‌یرییان ده‌كردین و كه‌متر ترسیان پێوه دیاربوو" به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیر و رمیان ئاراسته‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه كردووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ستمكرد من و ئه‌وان هه‌مان هه‌ستمان هه‌یه و خۆم وه‌ك وێنه‌كێشێكی سه‌ده‌كانی كۆن هاته‌به‌رچاو".
گوتیشی: "هه‌ستێكی سه‌یره كاتێك بیرده‌كه‌یه‌وه له سه‌ده‌ی 21 چه‌ند هۆزێك هه‌بن هیچ په‌یوه‌ندییان به جیهان و شارستانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان نه‌بێت و وه‌كو 20 هه‌زار ساڵ پێش ئێستا بژین".
دارستانی باراناوی ئه‌مازۆن، ده‌كه‌وێته نێوان وڵاتانی به‌رازیل، پیرۆ، بۆلیڤیا و كۆڵۆمبیا، له‌ناو ئه‌و دارستانه‌دا زیاتر له 100 هۆز هه‌ن، كه له شارستانییه‌كی نوێ و پێشكه‌وتوو و جیهانی ده‌ره‌وه دابڕاون و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌یه‌كه‌وه نییه.
سه‌رچاوه: ده‌یلی مه‌یڵ