جلی كوردی په‌یامنێره‌كه‌ی كوردستان 24 ده‌بێته باسی میدیاكانی رووسیا
K24 - هه‌ولێر:
خۆشه‌وی محه‌مه‌د، په‌یامنێری كوردستان 24 له رووسیا، به جلی كوردییه‌وه ئاماده‌ی دوایین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا بوو له 2016، له‌كاتی ئاراسته‌كردنی پرسیاره‌كه‌ش، كه له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، سه‌رۆكی رووسیا سه‌رسامی خۆی به جلی كوردی ده‌ربڕی و وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌شی دایه‌وه.
پرسیاری په‌یامنێره‌كه‌ی كوردستان 24، كه له باره‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه بوو، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له میدیای رووسیا لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا، په‌سنی رۆڵی كوردی له شه‌ڕی دژی داعش كرد و رایگه‌یاند، كورد رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه له‌و شه‌ڕه‌دا.
پوتین له باره‌ی جله كوردییه‌كانه‌وه گوتی: "لێگه‌ڕێن با ئه‌و گه‌نجه پرسیاره‌كه‌ی خۆی بكات".
دوای ئه‌و قسانه‌ی پوتین، به‌شێكی زۆر له ئاژانس و میدیاكانی ئه‌و وڵاته، گرنگیان به‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی رووسیادا و له‌گه‌ڵ وێنه و ڤیدیۆی په‌یامنێری كوردستان 24، بڵاوده‌كرده‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی تاسی رووسی، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، نووسیویه‌تی: "ڤلادیمێر پوتین به‌جلوبه‌رگی كوردی سه‌رسامه".
وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم-ی رووسی، كه به‌عه‌ره‌بی په‌خشده‌كرێت، ڤیدیۆكه‌ی له‌ژێر ناوونیشانی "پوتن به جلی كلاسیكی كوردی سه‌رسامه" بڵاوكردووه‌ته‌وه.
رووسیه‌لیه‌وم نووسیویه‌تی: "سه‌رۆك پوتین به جله‌كانی په‌یامنێره كورده‌كه سه‌رسام بووه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ساڵانه‌دا، پوتین به دیمیتری پیسكۆف، گوته‌بێژی كۆشكی كریملینی گوتووه: با ئه‌و گه‌نجه رێكپۆشه قسه بكات، ناكرێ چاوپۆشی لێبكه‌ین".