بەرھەمی شیرەمەنی ھەرێم رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت
K24 - ھەولێر
بەرێوەبەری ڤێرتەرنەری ھەولێر رایگەیاند بەرھەمی شیرەمەنی لە ھەرێمی کوردستان بەپێی ستاندەرە عێراقییەکان دروست دەکرێت و ھەندێک لە کارگەکان توانای بەرھەمھێنانی 120 تۆنیان ھەیە و ئێستا بەرھەمی خۆماڵی رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
جەمال شوكر بەڕێوەبەری فێتەرنەری ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "لە ھەرێمی كوردستان چەند كارگەیەكی شیرەمەنی ھەیە، یەكێك لەكارگەكان لە زاخۆ و سێ كارگە لە ھەولێر و كارگەیەكی دیكە لە گەرمیان و لەگەڵ چەندین كارگەی دیكەی بچووك لە شوێنەكانی دیكە".
روونیكردەوە: "كارگەی شیرەمەنی زاخۆ رۆژانە توانای ھەیە 30 تۆن بەرھەمی شیرەمەنی دروست بكات، كارگەكانی ھەولێریش یەكێكیان دەتوانێ 120 تۆن و دووی دیكەش ھەر یەكیان توانایان ھەیە زیاتر لە 30 تۆن شیرنەمەنی لە رۆژێكدا بەرھەم بھێنن".
بەڕێوەبەری فێتەرنەری ھەولێر دەڵێ: "ھەندێك رۆژ زیاتر لە 100 تۆن شیرەمەنی لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارویی عێراق دەكرێت".