نێچیرڤان بارزانی بۆچوونی ئێران و توركیا له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر
نێچیرڤان بارزانی له چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ Al-Monitor سه‌باره‌ت به نه‌خشه‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی رایگه‌یاند "كاتێ كه پرسی سه‌ربه‌خۆیی هاته ئاراوه، هه‌وڵماندا چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ ئه‌م پرسه بدۆزینه‌وه، نه‌ك خوڵقاندنی ناسه‌قامگیری. پێمان وایه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی سه‌قامگیری ناوچه و ناتوانین به شێوازی رابردوو له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بین، كیشه‌ی كورد له عێراق كۆنترین پرسی ئه‌م وڵاته‌یه. كورد له عێراق خۆی به به‌شێكی له عێراقی عه‌ره‌بی نازانێت و من یه‌كه‌م كه‌س بووم به شیوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌م پرسه‌م له‌گه‌ڵ به‌غدا باس كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی و هاوپه‌یمانی نیشتمانی شێعه‌ی عێراق. نه‌خشه‌ی رێگه‌مان دیالۆگیكی زۆر جیدییه له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌وه گرنگترین هه‌نگاوه".
سه‌باره‌ت هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی "پێم وایه ئێدی ئه‌وه بۆ توركیا هێڵی سور نییه و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له رێگه‌ی توركیاوه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه كه بیركردنه‌وه‌كه‌شی له ده‌ره‌وه‌ی ته‌واوی پێشبینییه‌كانمان بوو".
نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئێران سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاماژه به‌وه‌ی دا "میدیاكانی ئێرانی له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا ئه‌و پرسه به‌كار ده‌هێنن كه ئیران دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه، ته‌نانه‌ت كاتێ له پلانیشدا نه‌بێت".
هه‌ر له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانوستان له‌گه‌ڵ ئیران به پێویست ده‌زانێت و ده‌ڵێت "به‌ڵام وا دیاره پێش ئه‌وه‌ی دانیشین و له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه‌ی بكه‌ین، ئه‌وان بڕیاری خۆیان داوه و دژی سه‌ربه‌خۆیین".
نیچیرڤان بارزانی هه‌ر له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا، "دژایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له خاكی هه‌رێمی كورستان بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ وه‌ك ئێران ده‌ر ده‌بڕێت" و پێشی وایه "به‌و كاره كێشه ناوخۆییه‌كانی ئێران چاره‌سه‌ر ناكرێن".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌شێكی دیكه‌ی چاوپیكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌لمۆنیتۆر له باره‌ی بوونی په‌كه‌كه له شنگال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ـ یه‌په‌گه رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بوو له یارمه‌تیدان بۆ پاراستنی ئه‌وانه‌ی كه به دوای سه‌روپانه‌یه‌ك ده‌گه‌ران و پێزانینمان بۆ ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان هه‌یه. به‌ڵام ئێستا بوونی په‌كه‌كه له شنگال ته‌نیا ناسه‌قامگیر كردنی ناوچه‌یه، نه‌ك شتێكی دیكه. بوونی په‌كه‌كه پێشی به گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان گرتووه و له دووباره روودانی شه‌ڕ و پێكدادان ده‌ترسن، یان نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه ئاینده‌یه‌كی نادیار چاوه‌ڕوانیان ده‌كات و ئیمه‌ش نیگه‌رانییه‌كانیان راده‌گه‌ینین و هه‌ر بۆیه پێویسته په‌كه‌كه ناوچه‌ی شنگال به‌جێ بهێڵێت".