پوتن بۆ كوردستان24: کوردەکان لە جەنگی دژی تیرۆری نێودەوڵەتی جوامێرانە و قارەمانانە دەجەنگن

" گەلی کورد چارەنوسێکی دژواریان ھەیە شایەنی ھەموو مافێکن"
kurdistan24.net

K24 - مۆسكۆ

سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتن لە کۆنگرەی بەرفراوانی رۆژنامەوانی ساڵانەیدا کە بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە مۆسکۆ خۆشەوی محەمەد بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەی بوو و جلوبەرگەکانیشی سەرەنجی سەرۆکی رووسیای راکێشا و بە خەندەوە بە پەیامنێری کوردستان24 گوت: "جلوبەرگەکانت زۆر جوانن".

لەبارەی مافەكانی گەلی كورد لە ناوچەكە پوتن گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ ھەولێر و بەغدا ھەیە و بەردەوامیش دەبین، گەلی کوردیش بە مافە رەواکانی شاد دەبێت".

لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24، لەبارەی رۆڵی كورد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرزم و ھەڵوێستی رووسیا پەیوەست بە ھەنگاوەكانی ھەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئێمە لە رووسیا ھەمیشە پەیوەندییەکی دۆستانە و تایبەتمان ھەبووە لە گەڵ میللەتی کوردا، گەلی  کورد چارەنوسێکی دژواریان ھەیە، ئێمە ھەنوکە دەبینین چی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین دەگوزەرێت، دەتوانم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ھێزە چەکدارە کوردەکان لە جەنگی دژ بە تیرۆری نێودەوڵەتی، گەلێ جوامێرانە و قارەمانانە دەجەنگن و شەڕێکی کاریگەر دەکەن". گوتیشی: "ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی سەروەری و سەربەخۆیی ئەم پارچە یا ئەوپارچە، وڵاتان لێرە و لەوێ، ئەوا ئێمە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکەین، دواجار مافە یاساییەکانی نەتەوەی کورد پارێزراو و دابین دەکەین، بەڵام لە چ فۆڕم و بەچ چەشنێک ئەمە فەراھەم دەبێت ئەوە پەیوەستە بە دەوڵەتی عێراق و گەلی کوردەوە، ئێمە تا ئێستا لە پەیوەندیداین و لە پەیوەندیش دەمێنین لەگەڵ بەغدا و ھەولێر، بەڵام ناخوازین دەستێوردان لە پڕۆسەکانی ناوەوەی ئەو وڵاتە بکەین".

 

كۆنگرەی رۆژنامەوانی ساڵانەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی رووسیا

پرسیاری پەیامنێری کوردستان ، کە لە بارەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە بوو، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیای رووسیا و جیھانیش لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، پەسنی رۆڵی کوردی لە شەڕی دژی داعش کرد و رایگەیاند، کورد رۆڵێکی کاریگەری ھەیە لەو شەڕەدا.

پوتین لە بارەی جلە کوردییەکانەوە گوتی: "لێگەڕێن با ئەو گەنجە پرسیارەکەی خۆی بکات".

دوای ئەو قسانەی پوتین، بەشێکی زۆر لە ئاژانس و میدیاکانی ئەو وڵاتە، گرنگیان بەو قسانەی سەرۆکی رووسیادا و لەگەڵ وێنە و ڤیدیۆی پەیامنێری کوردستان24، بڵاودەکردەوە.

ئاژانسی ھەواڵی تاسی رووسی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی پەیامنێری کوردستان24، نووسیویەتی: "ڤلادیمێر پوتین بەجلوبەرگی کوردی سەرسامە".

وێبسایتی رووسیەلیەوم-ی رووسی، کە بەعەرەبی پەخشدەکرێت، ڤیدیۆکەی لەژێر ناوونیشانی "پوتن بە جلی کلاسیکی کوردی سەرسامە" بڵاوکردووەتەوە.

رووسیەلیەوم نووسیویەتی: "سەرۆک پوتین بە جلەکانی پەیامنێرە کوردەکە سەرسام بووە".

ھەروەھا نووسیویەتی: "لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ساڵانەدا، پوتین بە دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی کریملینی گوتووە: با ئەو گەنجە رێکپۆشە قسە بکات، ناکرێ چاوپۆشی لێبکەین".