بارزانی: ھەرگیز ھزری تیرۆر و جیاکاریی ئایینی لە كوردستان جێگەی نابێتەوە
K24 – ھەولێر
بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح، مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی له كریستیانەكان دەكات و رایدەگەیەنێت: "کوردستان ھەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشک و برا کریستیانەکانە و به شوێنی بەھاکانی پێکەوەژیان دەمێنێتەوە، لە کوردستاندا ھەرگیز ھزری تیرۆر و جیاکاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە".
لە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشک و برایانی خۆشەویستی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم و ھیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم".
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا بارزانی رایدەگەیەنێت: "بەھۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بەشێکی زۆری خوشک و برا کریستییانەکانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ھیوادارم پاش تێکشکاندنی تیرۆر و نەمانی ھەڕەشەکان بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشک و برایانی خۆشەویستی کریستیان لە کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم و ھیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم.
بەھۆی پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بەشێکی زۆری خوشک و برا کریستییانەکانمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ھێشتووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ھیوادارم پاش تێکشکاندنی تیرۆر و نەمانی ھەڕەشەکان بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم کە خوشک و برا کریستییانەکان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە کوردستان کرد و خوشک و برا مەسیحییەکان و پێکھاتەکانی تریشی پاراست و ناوچەکانی ئازاد کرد، کوردستانیش ھەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشک و برا کریستیانەکان و بەھاکانی پێکەوەژیان دەمێنێتەوە. لە کوردستاندا ھەرگیز ھزری تیرۆر و جیاکاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە ھەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و ھاوبەشین و ھیچ ھێز و ھزرێکی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێکەوەژیانمان تێکبدات. ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەختەوەری.
مسعود بارزانی
24ـ 12ـ 2016