ھاووڵاتیانی کورد نەگەڕاونەتەوە گوڵاڵە

پەرلەمانتارێك: پێویستە حكوومەت لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزاریەوە ناوچەكە ببوژێنێتەوە
kurdistan24.net

K24 - گوڵاڵە

لە دوای ساڵی 2003 ھاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی شارەدێی گوڵاڵە (جەلەولا) بوونەتە قوربانی دەستی ھێرشی گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستەکان، ئێستاش دوای دوو ساڵ تێپەربوون بەسەر رزگارکردنی ئەو شارەدێیە لە دەستی چەکدارانی داعش، تەنیا خەڵکی عەرەبی ناوچەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان و ھاووڵاتیانی کوردیش ھۆکاری نەگەڕانەوەیان دەخەنەروو.

ئەبو سارا ھاووڵاتیەكی کوردی خەڵكی ناحیەی گوڵاڵەیە لەبارەی نەگەرانەوەی خێزانە كوردەكان بە كوردستان24 گوت: "خەڵك  كاتێك دەگەڕێتەوە پێویستی بە كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكە ھەیە، كە ئەوانە نەبێت خەڵكی دەگەڕێنەوە ئێرە وەك سەربازگەیەك وایە، ھەروەھا خەڵك لەرووی ئەمنیشەوە ترسیان ھەیە".

فەرھاد قادر پەرلەمانتاری عێراق. لە فراكسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كورستان24 راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ پلانێكی نەبووە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان، پێویستە حكوومەت لەرووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە ئەو ناوچانە ببوژێنێتەوە".