ئه‌م گرووپه چه‌كدارییانه‌ی سووریا پابه‌ندی ئاگربه‌ستی حه‌له‌ب ده‌بن
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، لیستێك ناوی ئه‌و گرووپه چه‌كدارییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی ده‌بن، به گوێره‌ی ئاژانسی سپوتنیكی رووسیش، ژماره‌یان چه‌كداران سه‌ر به‌و گرووپانه، ده‌گاته نزیكه‌ی 50 هه‌زار چه‌كدار.
هه‌ریه‌ك له گرووپه چه‌كدارییه‌كانی "فه‌یله‌قی شام، سوپای ئیسلام، شۆڕشگێڕانی شام، سوپای موجاهدین، سوپای ئیدله‌ب، به‌ری شامیه" له لیسته‌كه‌دان، وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا هه‌ریه‌ك له "داعش" و "به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو" و فه‌تحولشامی ئێستای له‌و لیسته ده‌رهێناوه، به‌و پێیه‌ی ئه‌و دوو گرووپه له لیستی تیرۆردان.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، بڕیاره ئاگربه‌سته‌كه له یه‌كه‌م ساته‌كانی رۆژی 30ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، ده‌ستپێبێكات، لای خۆیه‌وه ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تادا چاودێری ره‌وشی ئاگربه‌سته‌كه ده‌كه‌ن و دواتریش هه‌وڵی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ ده‌ده‌ن بۆ گه‌یشتنه رێككه‌وتنێك و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی سووریا.
پوتن له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا باسیان له‌و رێككه‌وتنه‌كه كردووه و له راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، ئاماژه به‌وه كراوه، ئه‌وان به گرنگییه‌وه له‌و ئاگربه‌سته ده‌ڕوانن و به هه‌نگاوێكی گرنگ له چاره‌سه‌ری ململانێكانی سووریای وه‌سفكردووه و پاڵپشتی خۆیشی بۆ رووسیا دووپاتكردووه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی رووسیا و توركیا له‌و وڵاتانه‌ن كه پابه‌ندی ئاگربه‌سته‌كه ده‌بن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، ئامانج له رێككه‌وتنه‌كه گشتاندنی ئاگربه‌سته‌كه‌یه له حه‌له‌به‌وه بۆ ته‌واوی سووریا، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنی گه‌یشتنی هاوكارییه مرۆییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ ناوچه جیاجیاكانی سووریا و بووژاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌و وڵاته.
شه‌ڕی ناوخۆی سووریا له 25ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2011 ده‌ستیپێكرد و له شه‌شه‌مین ساڵی خۆی نزیكده‌بێته‌وه.