بارزانى: چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كانم

چیتر نابێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێت.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى سه‌رى ساڵى نوێى زاينييه‌وه‌ ئاراسته‌ى كردووه‌، رايگه‌ياند، "من ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنی حزبەکانم و هیوادارم بگەنە چارەسەری گونجاو، چونکە چیتر نابێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێت. ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێ دەكات".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: "دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئیستاش تێ دەپەڕێت و ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات.

سه‌باره‌ت به‌ ساڵى 2016ش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياندووه‌، "ساڵێکی پڕ دەستکەوتی سیاسی بوو بۆ کوردستان و بە دەیان کەسایەتی و شاندی باڵای دەوڵەتان سەردانی کوردستانیان کرد و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان پێشان دا".

له‌ باره‌ى ساڵى نوێوه‌، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نووسيويه‌تى: "هیوادارم ساڵی 2017 كێشە و قەیرانەكان کۆتاییان بێت و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی".

ده‌قى په‌يامه‌كه‌:

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست

بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو جیهانیان دەكەم. هیوادارم ساڵی 2017 ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە كوردستان و هەموو شوێنێكی جیهاندا.

ساڵی 2016، بەهۆی ڕەوشی خراپی ئابووری لە ئەنجامی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر، بارگرانییەکی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی سەختیی گوزەران بۆ گەلەکەمان، بەڵام ئێوەی هاونیشتیمانییانی کوردستان، خۆڕاگرییەکی کەموێنەتان پێشان دا و بوونە پشتوپەنا بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان تا گەورەترین داستانی تێکشکاندنی تیرۆرستان تۆمار بکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئیستاش تێ دەپەڕێت و ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات.

پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستنی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە قوربانی و خوێنێكی زۆری بەخشی و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمدا فیداكارییەكی كەموێنەی نواند و ئێستا خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین نزیکەی تەواوی خاکی کوردستان ئازاد کراوە. ساڵی 2016 جگە لە داستانی تێکشکاندنی داعش و ئازادکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان،  لەڕووی دیپلۆماسی و درەوشانەوەی ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، ساڵێکی پڕ دەستکەوتی سیاسی بوو بۆ کوردستان و بە دەیان کەسایەتی و شاندی باڵای دەوڵەتان سەردانی کوردستانیان کرد و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان پێشان دا.

خوشك و برایانی خۆشەویست

لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، ڕۆژی 20ى 11ى 2016، لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، هەڵوێستی خۆمم ڕاگەیاند و داوام لە حزبەکان کرد بکەونە گفتوگۆ و بگەنە ڕێککەوتن. دوای ئەو پەیامە چەند دانیشتنێک لەنێوان حزبەکان بەڕێوەچووە، من ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنی حزبەکانم و هیوادارم بگەنە چارەسەری گونجاو، چونکە چیتر نابێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێت. ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێ دەكات. بۆ ڕەوشی ناوخۆیش لەسەر هەموومان پێویستە، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەری ڕێز لەبەردەم یاد و ڕۆحی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە دابنەوێنم و خۆڕاگریی بریندارەكان بەرز دەنرخێنم و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازم.

سوپاسی گەلی كوردستان دەكەم كە لەم شەڕە دژوارەدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون و هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بكەم كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون.

هیوادارم ساڵی 2017 كێشە و قەیرانەكان کۆتاییان بێت و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی.

مسعود بارزانی

31ى 12ى 2016