سەركردە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان داوای دروستكردنی بەرەیەك دەكەن

دەخوازن ساڵی2017 ساڵی یەكگرتن و یەكڕیزی حزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرکردەی ‌حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەیامی ساڵی نوێی زائینی داوای یەکگرتووی و دروستکردنی بەرەیەکی کوردستانی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، ئەوان دەڵێن ساڵێکی ناخۆشیان تێپەرکردووە، بەڵام هیوایان بەئەمساڵ هەیە.

سەركردەی حزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتیش بەپەیامەكانیانەوە دیارە كە ساڵێكی خۆشیان تێپەرنەكردووە، مستەفا ھیجری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەپەیامێكدا "ھیوای ساڵێكی پڕ لەئاشتی و خۆشی بەھەمووان و بەتایبەت بۆ ئەو مەسیحیانە خواست كە بەر قەڵاچۆو زەبروزەنگی تاریكبیران كەوتوون".

ئەمساڵیش وەكوو ساڵانی رابردوو كۆمەڵێك رووداو بەسەرحزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵات ھات و ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانیان شەھیدبوون، چەندین ھەڕەشەشیان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران لێكراو خۆیان دەڵێن ئەو ھەڕەشانە لە2016 كەوتوونەتە جێبەجێكراون.

خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانیش لەپەیامێكدا دوا شەھیدەكانی تەقینەوەكەی بەردەم بارەگاكەیانی وەبیرھێناوەتەوەو داوا دەكات "لەساڵی داھاتوودا حزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵات بەیەكریزی و ھاوپەیمانی وەڵامی شیاوی تیرۆر بدەنەوە".

ھاوكات كۆمەڵەكانیش ھەوڵدەدەن، بەرامبەر ساڵی2017  گەشبین بن، عەبدوڵڵا موھتەدی سكرتێری كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیش لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا داوای دروستكردنی بەرەی حزبە رۆژھەڵاتییەكان دەكات.

ھیوا و داواكارییەكان بۆ داھاتووی كوردستان بەگشتی و رۆژھەڵاتی كوردستان بەتایبەت زۆرن، عەلی قازی سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستانیش لەپەیامێكدا ئەو بەندكراوە سیاسیانەی رۆژھەڵاتی كوردستان وەبیردەھێنێتەوە كە بەھۆی كوردبوونیان دەستبەسەركراون، ھیواخوازیشە 2017  ساڵی دیاركردنی چارەنووس و سەربەخۆیی كوردستان بێت.