چەكدارانی حەشدی شەعبی ھاووڵاتیانی جەبارە و سلێمان بەگ ھەراسان دەكەن

ھاووڵاتیانی داوا دەكەن پێشمەرگە بیان پارێزێت
kurdistan24.net

K24 - دیالە

دانیشتوانی چەند گوندێكی سەربەناحیەی جەبارە و سلێمان بەگ، ئاشكرای دەكەن كە رۆژانە لە لایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان ھەراساندەكرێن و تەقە لە ھاووڵاتیان دەكەن و چەندین تاوەری كارەباشیان لە گوندەكان بە گوللە خراپكردووە، دانیشتوانی ئەم گوندانەش كە لە توركمان و عەرەبی سوونە پێكدێن داوا دەكەن لە لایەن ھێزەكانی پێشمەرگە پارێزگاریان لێبكرێت.

ھاووڵاتییەكی عەرەبی سوننە بە كوردستان24 گوت: "چەكدارانی حەشدی شەعبی ھاتنە سەرمان و زێڕ و پارەیان بردوو و دوو كەسیان كوشت و رۆیشتن، ئێمە داواكارین پێشمەرگە ھاوكاریمان بكات و بمان پارێزێت، چونكە ئێمە سەر بە دیالەین نەك سەلاحەدین".

ھێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری كردن لە خەڵكی ئەو ناوچانە ھەڵمەتێكی سەربازیان ئەنجامدا و فەرماندەیەكی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "چەكدارانی گرووپی حزوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی، لە ناوچەی ئامرلی و سلێمان بەگەوە دزەیان كردووەتە ناو ئاواییەكانی ئەو ناوچەیە، ئەوانە دز و جەردەن و ھێزنین، چونكە ئەگەر ھێزبن، تەقە لەماڵی خەڵك و ژنان ناكەن و خزمەتگوزارییەكان تێك نادەن".

فەرماندەیەكی دیكەی پێشمەرگەش ئەوە دەخاتەڕوو: "رێگە بە ھیچ ھێزێك نادەین ئارامی ناوچەكە تێك بدات، ئەو سنوورە بە خوێنی پێشمەرگە پارێزراوە، ئەگەر جارێكی دیكە ئەو گرووپانە بێنەوە ناوچەكە رووبەڕوویان دەبینەوە".