ههولێر له بارهی كشانهوهیان له خولی نایابی عێراق بڕیارێكی نوێ دهدهن
K24ـ ههولێر
گەرچی یانەی زاخۆ بە مەبەستی ئەنجامدانی یاریی لە گەڕی شازدەمی خولی نایابی عێراق بەرەو بەغدا گەشتی کردووە، بەڵام هێشتا یانەی هەولێر لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبووەتەوە.
دکتۆر عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 لەبارەی چارەنووسی یانەی هەولێر لە خولی نایابی عێراق رایگەیاند، هێشتا ئەوان رازی نەبوونە بەشداریی خولی نایابی عێراق بکەنەوە و داوایان لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە ئەو یارییانەی لە قۆناخی یەکەم ماویانە بۆیان دوابخرێت، ئەگەر یارییەکانیان دوانەخرێت ئامادە نین جارێکی دیکە بەشداریی لە خولەکە بکەنەو پێچەوانەی یانەی هەولێر، یانەی زاخۆ بڕیاری داوە بگەڕێتەوە خولەکە و بە مەبەستی ئەنجامدانی یاریی لە بەرامبەر یانەی دوود لە خولی نایابی عێراق، رۆژی چوارشەممە یانەی زاخۆ لە گەڕی شازدەمینی خولەکە رووبەڕووی یانەی دوود دەبێتەوە. مانگی رابردوو بەهۆی بەکارهێنانی دروشم و قسەی ناشرین لە بەرامبەر پێشمەرگە و رەمزەکانی کورد، یانەکانی هەولێر و زاخۆ بڕیاریان دا لە خولی نایابی عێراق بکشێنەوە.