دەربارەی شەڕەف و شەڕەف لە فەرهەنگی جیادا

Kurd24

شەڕەف پێوەرێکی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی سەدەکانی ناوەڕاستە و لە کۆندا كاری ڕێكخستنی كۆمەڵ بووە و ئێستاش گرنگ و بایەخی خۆی لەناو هەندێک کۆمەڵ و لەناو ئەوانیش کورد وەک پێشان ماوە و هیچی لەدەست نەداوە.

کەسێک شەڕەف لەدەست بدا، لەکۆمەڵ تڕۆ دەکرێت و زۆربەی کات کەسەکە ناچارە یان گیانی قوربانی کڕینەوەی شەڕەفی خۆی بکا، یانیش زێدی خۆی و باوک و باپیران بەسەرشۆڕی جێبێلی و جارێکی دیکە بۆی نەگەڕێتەوە.

شەڕەف لە هەلومەرجی پێشکەوتنی شۆڕشی تەکنۆلۆجیا و گەورەبوونی شارەکان، گەشەکردنی دیموکراتییەت و هەبوونی مافی مرۆڤ، خەبات و تێکۆشانێکی بێکۆتایی بۆ ئازادی و وەرگرتنی تەواوی مافەکانی ژن و دروستبوونی کۆمەڵگایەکی یەکسان، لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان وەک جاران بایەخی پێنادرێ و کەمتر بیری لێدەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش، ژیانێکی تێر و مێر، بەردەوام قوربانی و زەریبەی خۆی ویستووە.

لە یابانی کۆن و دابونەریتی سامۆرای، ئەگەر کەسێک ئیهانە کرابا، کەسەکە خۆی خۆی دەکوشت. Seppuku (切腹 هەندێکجارharakiri (腹切り یشی پێدەڵێن، جۆرە خۆکوشتنێکە، ساموڕاکان لەکاتی ئیهانەکردن و بوختان پێهەلبەستن، هانایان وەبەردەبرد، بۆئەوەی شەڕەفی خۆیان بگێڕنەوە و ئەستۆپاکی خۆیان پیشان بدەن. کەسی ئیهانەکراو یان شەڕەف لەدەستدای، لە بۆنە (ڕیتوار)ێکی تایبەت لەبەردەم چەند کەسێک، لەسەر چۆک دادەنیشت و بە خەنجەرێکی زۆر تیژ زگی خۆی هەڵدەدڕێ و لەهەمان کات، کەسێک بە شمشێر سەری دەپەڕاند. ئەوان مردنێکی سەربەرزیان هەڵدەبژارد لە ژیانێکی تڕۆکراو و سەرشۆڕی.

کڕینەوەی شەڕەف لە ئەوروپاش لەشێوەی دوێل (duel) لە سەدەی ١٥ لە ئیتالیا سەریهەڵدا. ئەگەر کەسێک لەبەر هەر هۆیەک ئیهانە کرابا، کەسی ئیهانەکراو داوای دوێلی لە کەسی بوختانچی دەکرد و لە بۆنەیەکی تایبەت و لە شوێنێکی دیار بە حەکەماتی دوو کەس، کە پێیان دەگوترا سێکوندانت لەگەڵ کۆمەڵێک شاهید، لە ناوەندی گۆڕەپانێک پشتیان لەیەکتر دەکرد و بە گوێرەی ڕێنماییەکان، چەند هەنگاوێک لەیەکتر دووردەکەوتنەوە و بە فەرمانی حەکەم ڕوویان بۆیەک وەردەگێڕا و بە دەمانچە تەقەیان لەیەکتر دەکرد. لەم موبارەزەیە یەک یان هەردووکیان دەکوژران.

دوێل لەلایەن کەنیسەی کاتۆلیک لە ساڵی ١٥٦٢ بە رەسمی قەدەغە کرا، بەڵام تا کۆتایی سەدەی نۆزدە لە هەندێک شوێن ئەنجام دەدرا. شاعیری گەورەی روسیا ئەلێکساندەر پوشکین لە ١٠ی شوباتی ١٨٣٧ لە تەمەنی ٣٧ ساڵی لە شاری سانکت پیتربورگ لە دوێل لەگەڵ ئەفسەرێکی فەڕەنسی بەناوی Georges d'Anthès کوژرا.

لە پێش ئیسلام ژن و کیژ کوشتن لە دورگەی عەرەبی هەبووە و لەگەڵ کات ئەم دیاردە هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە و تا ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژانە لەسەر شەڕەف کیژ و ژن دەکوژرێن.

ئەوەی شەڕەفی پیاوی کورد، رۆژهەڵاتی یان ئیسلام لە پیاوی یابانی و ئەوروپی جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە شەرەفی پیاوی ئیسلام لە کۆشی ژن یان کیژیەتی. ئەم تێڕوانینەی پیاوانی ڕۆژهەڵاتی لەوانەیە لەوەوە سەری هەڵدابێ، کە ئەوان وەک کاڵا سەیری ژن و کچی خۆیان دەکەن، نەک وەک مرۆڤ و مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ماف، لەهەمان کات دەبیندرێ، پیاوی یابانی و ئەوروپی شەڕەفیان لەدەست خۆیاندایە و لە کۆشی کیژ و ژنیاندانییە.

کچێک دەمری، کچێک لەسەر شەڕەف دەکوژرێ، کچێک خۆی خۆی دەکوژی، لە هەرسێک حالەت دیارە دایکێک کچی لەدەست دەدا و بەلای ئەو دایکیش هۆی نەمان یان لەدەستدانی کیژەکەی هیچ گرنگ نییە، چونکە ئەو تێگەیشتووە و دەزانی لە واقعێکی تاڵ و ڕەش دەژیت و جارێکی دیکە ئەو کیژە گەنج و جوانەی خۆی نابینیتەوە، بۆیە لەدەستدانی کیژەکە بەهەر هۆیەک بێت، کارەساتێکی گەورەیە بۆ ئەو خێزان.

لەبیرکردنی کوشتن یان لەدەستدانی کیژێک لە کۆمەڵگای کوردەواری، پەیوەندی بە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ئەو کەس یان خێزان لە کۆمەڵ هەیە، بە دوور و نزیکی ئەو خێزان بە حزبێکی دیاری کوردییەوە هەیە، بۆیە هیچ دوورنییە کارەساتێکی زۆر گەورەی خێزانی، لەلایەن هەندێک تاقم و حزب و کەسانی ناحەز بقۆسترێتەوە و بازرگانی سیاسی پێوە بکرێ، لەکاتێکدا ئەندامانی خێزان خۆیان دەیانەوێ کەمترین کەس بەو کارەساتەیان بزانێ...

ڕێنماییەکانی ئێتیکی رۆژنامەگەری زۆر ڕوون و ئاشکران و بەهیچ شێوەیەک ڕێگانادەن، ناو و وێنەی کیژ یان کوڕێکی کوشتراو بەتایبەتیش لەسەر شەڕەف لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی بریندارکردنی خانەوادەکە. لەهەمان کات، ڕێگادراوە وەک هەواڵ باس لە کوشتن یان بزربوون بکرێ، دیسان بێئەوەی ناو و وێنەی کەسەکە بڵاوبکرێتەوە.

کاری رۆژنامەنووس یان هیچ کەسێک نییە، پرد لە ئێسک و خەم و ناخۆشی و کارەساتی گەورەی خەڵک دروست بکات و خۆی بەسەریدا بپەڕێتەوە، ناو وناوبانگ بۆخۆی دروست بکا، پشتیوانی بۆ حزبەکەی کۆبکاتەوە. لەوەش خراپتر ئەگەر ئەوکەس بەناوی بەرگری، پێش بەدواداچوونی پۆلیس بکەوێت، لە رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار، لێمان ببێتە توێژەری کۆمەڵایەتی و حاکم و قازی، حوکمەکان بە ئاشکرا بدات و لە کەنالی تەلەفزیۆن و رادیۆ باس بکات.

زۆر لەوانەی بوونەتە ئاوقاتی کەیسی ژن و کیژ کوشتن لەسەر شەڕەف و بەناوی دەزگا یان ڕێکخراوی جیا جیا بەرگری لە مافی ژن دەکەن، خۆیان کەسانی دووڕوون و لە ماڵەوە دۆزەخیان، بۆ خوشک و کیژ و خێزانیان دروست کردووە، دەستبەسەریان کردوون و هیچ مافێکیان پێ ڕەوا نابینن.