ئیدارەی خورماتوو دژی دروستبوونی لیوای حەشدی شەعبین لە سنوورەكە

قایمقامی خورماتوو: بە ھیچ شێوەیەك رێگەنادەین ئەو ھێزە بێتە ناوچەكەمان
kurdistan24.net

K24 - خورماتوو

بڕیاری دروستکردنی لیوایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری خوورماتوو بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی قەزاکەی نیگەرانکردووە و دژایەتی خۆیان بۆ درووستبوونی ھەر ھێزێکی دیکەی چەکدار لە سنوورەکەیان دووپات دەکەنەوە، ئەگەرچی پێکھاتەی ئەو لیوایە زۆرینە کوردن، بەڵام ھاووڵاتییانی خوورماتوو دەڵێن، ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە و ھەرھێزێک بەو ناوە دروست بێت رەتیدەکەینەوە.

شەلال عەبدول بابان قایمقامی خوورماتوو بە كوردستان24 گوت: "ئەم ھێزەی كە دروست دەكرێت سەر بە قیادەی دیجلەیە، ئەو ھێزە پێگە و دەسەڵاتی نەماوە لە سنووری كەركووك و خورماتوو، دەیەوێت لە رێگەی ئەو لایەنانەوە بەتایبەتی ھەندێك كوردی سەرەڕۆ بەكاربێنن بۆئەوەی بێنەوە ناوسنوورەكە".

گوتیشی: "ئێمە بە فەرمی رێگەمان نەداوە ئەو ھێزە بێتە ناوچەكە و بە ھیچ شێوەیەكیش رێگەنادەین".

مقدەم فاروق ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی خوورماتوو دەڵێ: "ئەگەر لە سەرووی خۆمانە فەرمانمان بۆ بێت لێناگەڕێین ئەو ھێزانە لێرە دروست بن، ئێستا ئەو ھێزانە لە نزیك سلێمان بەگ لە سنووری دەسەڵاتی حەشدی شەعبین".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "بەبڕوای ئێمە دروستكردنی ئەو ھێزە ئامانجێكی خراپی لە پشتەوەیە".

ھاووڵاتیانی خورماتووش ئەوە دەخەنەروو، چەند ساڵێكە بۆ پاراستنی ناوچەكە رووبەرووی حەشدی شەعبی دەبنەوە، ئێستا ئەگەر ھاووڵاتیانی كورد بچنە ریزی ئەو ھێزە سەركەوتنی حەشد نیشان دەدات، واتا قوربانیدانی كورد لەم ناوچەكە بە فیڕۆ دەدرێت.