هه‌رچی ئۆباما دایمه‌زراندبێت ترامپ لایده‌بات
K24 - هه‌ولێر:
باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له نیوزیلاند، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، تیمی نوێی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، به ته‌واوی ئه‌و باڵیۆزانه‌ی گوتووه كه ئۆباما دایمه‌زراندوون، تا رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی ترامپ، ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه.
مارك گیڵبرت، له ئه‌كاونتی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه: "رۆژی 20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر، پۆسته‌كه‌ی خۆم جێده‌هێڵم".
ئه‌و باڵیۆزه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له لێدوانه‌كانیدا، وه‌ك له رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تامیز" بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئیداره‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا كاتێك ده‌سه‌ڵاتییان وه‌رده‌گرت، به دیموكرات و كۆمارییه‌وه، رێگه‌یان به ژماره‌یه‌ك له باڵیۆز ده‌دا، بۆ ماوه‌یه‌ك له پۆسته‌كانییاندا بمێننه‌وه، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی منداڵانییان له خوێندندا بوون.
ئه‌و رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه، بڕیاره‌كه به هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانی نوێنه‌رایه‌تی و باڵیۆزانی ئه‌مه‌ریكا وه‌سف ده‌كات له وڵاته گرنگه‌كانی جیهان، به‌تایبه‌تیش باڵیۆزانی ئه‌ڵمانیا، كه‌نه‌دا و به‌ریتانیا، كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ده‌ستبه‌كاربوونه و ئه‌نجوومه‌نی پیران بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌ركردوونن.
به‌رپرسێكی باڵای ئیداره‌ی نوێ، رایگه‌یاند، هیچ نیازێكی "خراپ" له پشت بڕیاره‌كه‌ی ترامپ نییه، به‌ڵكو ته‌نها ده‌یه‌وێت ئه‌و باڵیۆزانه‌ی سه‌ر به ئۆبامان، له‌كاتێكی دیاریكراودا بیانخاته ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت.
سه‌رچاوه: سكای نیوز