ئەرمەنییەکانی ئێران مەراسیمی جەژنی کریسمس بەڕێوەدەبەن

"شیرینی نازووکە دەبێ بۆ ساڵی نوێ لەسەر مێزدا ھەبێت"
kurdistan24.net

K24 - تاران

ئەرمەنییەکانی ئێران ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، جەژنی کریسمسیان لەکاتی جیاواز لە مەسحییەکانی دیکەی جیهان بەڕێوەبرد و پەیامنێری کوردستان24، لە تاران سەردانی ماڵێکی ئەرمەنی کرد و لەگەڵ ئەم خێزانە بەشداری جەژنی کریسمسی ئەمساڵی کرد.

هاووڵاتییەكی ئەرمەنی بەناوی رافیک باغومیان، لەبارەی بەڕێوەچوونی جەژنی كریسمس بە كوردستان24 گوت: "لە کڵێسەکانی ئەرمەنییەکان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، کاتژمێر 12 شەو کە ساڵ نوێ دەبێتەوە، رێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەچێت و ئەو خەڵکەی لەگەڵ خێزانەکانیان لەماڵەوە بوونە دەتوانن بچن بەشداری ئەم جەژنە بن، وەک جەژنی نەورۆز گەورەکانیش ئەوشەوە جەژنانە بە بچووکەکان دەدەن".

مەلینە ساتووریان ھاووڵاتیەكی دیكەی ئەرمەنی دانیشتووی تارانە ئەو دەڵێ: "جۆرە شیرینیەکمان هەیە ناوی نازووکە، زیاتر نەریتێکە و دەبێ بۆ ساڵی نوێ لەسەر مێز هەمانبێت و وەک جەژنەکانی دیکە چەرەزات و شیرینی و میوەش وەک نەریت دادەنرێت".