خێوه‌تگاكان پڕن له‌و ژنانه‌ی جه‌نگ هاوسه‌ره‌كانی لێسه‌ندنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی به شێوه‌یه‌كی كاره‌ساتبار هاوسه‌ره‌كانیان له ده‌ستداوه،كارێكی زه‌حمه‌ت نییه،به ئاسانی ده‌توانی له نێو كه‌مپ و خێوه‌تگاكانی ئاواره‌كانی مووسڵدا بیاندۆزیته‌وه.
له خێوه‌تێك بۆ خێوه‌تێكی دیكه،چیرۆكی وا ده‌بیستیتةهه‌م دڵ ده‌ته‌زێنێت و هه‌م چاوه‌كان ده‌گرێنێت.
شاری مووسڵ شانۆی روودانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌یه و زۆرتر له‌و كاتانه‌وه ده‌ستیپێكردووه كه له 17/10/2016 ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه ده‌ستیپیكرد و تا ئێستاش به‌رده‌وامه،له‌و كاته‌وه هه‌زاران خه‌ڵكی سڤیل له نێوان ئاگری تۆپ و فرۆكه و نیشانشكین وبۆمبه‌كانی داعشدا گیریانخوارد.
به‌شێكیان ده‌رباز بوون و به ئاواره‌یی گه‌یشتنه كه‌مپ و خیوه‌تگاكانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه و به‌شیكیشیان به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه كه‌نارێكی ئارام،گوللـه‌ی نیشانشكێنێك یان بۆمبی فرۆكه‌یه‌ك ئارامی له ژیانیان بڕی و هاوسه‌ره‌كانی بۆ هه‌تایه لیدابڕین.
" أم عذراء" هێشتا ته‌مه‌نی له 22 ساڵ تێنه‌په‌ریووه،هاوسه‌ره‌كه‌ی به ناوی خالید محه‌مه‌د له مانگی 10/ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو له ده‌ستداوه،خالید به گوللـه‌ی چه‌كدارانی داعش كوژرا.
ئه‌و ژنه سه‌ره‌تا نه‌یده‌وێست به‌سه‌رهات و چیرۆكه‌كانی بگێڕیته‌وه،دواتر قایل بوو له‌و دیوی په‌رده‌ی خێوه‌ته‌كه‌یه‌وه له كه‌مپی حه‌سه‌ن شامی رۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ قسه بكات.
"أم عذراء" به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به قسه‌كردن بكات، به كوڵ ده‌گریا،له ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی تاساندوویه‌تی،هه‌ر به‌و چاوه پڕ فرمێسك و ده‌نگه تێكه‌ڵ به هه‌ناسه‌ساردی و گریانه‌وه ده‌ستی به گێرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی كرد و گووتی"هاوسه‌ره‌كه‌م له ماڵه‌وه چووه ده‌ره‌وه،ئێمه دانیشتووی گه‌ره‌كی عه‌ده‌ن بووین،به‌رمیلێكی برد تا له بیره‌كه پڕیبكات له ئاو،چونكه زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك بوو ئاو نه‌ده‌هاته‌وه،ته‌نها 10 خوله‌كی پێچوو له‌و كاته‌ی له ماڵ چووبووه ده‌ره‌وه،ئیتر خالید بوو به جه‌سته‌یه‌ی بێ رۆحی ته‌نیشت شه‌قامه‌كان،دوای ئه‌وه‌ی نیشانشكێنێكی داعش گوللـه‌یه‌كی به سه‌ریه‌وه نابوو".
ژنه ئاواره‌یه‌كی شاری مووسڵ
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت"چوومه سه‌ر شه‌قامه‌كه و باوه‌ڕم به‌و دیمه‌نه نه‌ده‌كرد،خوێن ده‌م و چاوی خالیدی داپۆشیبوو،ته‌نها هێنده ئاگام له خۆم بوو،هاوار و هه‌رایه‌كم نایه‌وه هه‌موو شه‌قامه‌كه‌م هێنایه هه‌ژان،ئه‌وه‌ی گوێی له هاواری من بوو ده‌گریا،ئیتر له هۆشی خۆم چووم و تا رۆژی دواتر به ئاگا نه‌هاتمه‌وه".
دوای له ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی هیچ رێگه‌یه‌ك له به‌رده‌می "أم عذراء" نه‌مایه‌وه ته‌نها هه‌ڵاتن نه‌بێت بۆ یه‌كێك له كه‌مپه‌كان،چونكه نه‌یده‌توانی به ته‌نها ئاگاداری دوو منداڵه بچوكه‌كه‌ی بێت،ترسی ئه‌وه‌شی هه‌بوو گه‌ره‌كه‌كه‌یان بكه‌ویته‌وه ده‌ست چه‌كدارانی داعش و به‌هۆی نه‌مانی هاوسه‌ره‌كه‌ی به زۆر له چه‌كدارێكی خۆیانی ماره‌بكه‌نه‌وه".
10 مه‌تر له‌و دیوی خیوه‌ته‌كه‌ی "أم عذراء" خێوه‌تێكی دیكه هه‌بوو،له‌وێش ژنێكی دیكه ده‌ژیا به ناوی"ره‌نا" ئه‌ویش به هه‌مانشێوه چیرۆكه‌كانی ژیانی گێڕایه‌وه.
ره‌نا چه‌ند رۆژێكی كه‌م پیش ده‌ستپیكردنی پۆپه‌راسیۆنه‌كه میردی به كوڕه مامێكی خۆی كردبوو به ناوی"ئه‌نمار"له گه‌ره‌كی قودسی رۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ ده‌ژیان،ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته نزیك گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان،ئه‌نمار بڕیاریداوه بینێرێته‌وه بۆ لای خێزانه‌كه‌ی له گه‌ڕه‌كی شوقه‌كانی خه‌زرا،بۆ ئه‌وه‌ی كاروباره‌كانی خۆی جێبه‌جێكرد،بچێته‌وه لای و پێكه‌وه شاره‌كه به‌جێبهێڵن".
به‌ڵام دوای دوو رۆژ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له هاوسه‌ره‌كه‌ی" ره‌نا " هه‌واڵی كوژرانی هاوسه‌ره‌كه‌ی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی پێده‌گات،ئه‌و كاته‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له نزیك ماڵیان تانكه‌رێكی بۆمبڕێژكراو ده‌ته‌قێننه‌وه،ده‌بێته هۆی كوشتنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان".
به گریانێكی به كوڵه‌وه ده‌یگووت" ناتوانم به‌رگه‌ی دابڕانی هاوسه‌ره‌كه‌م بگرم،هێشتا منداڵه‌كه‌ی له ناو سكمدایه و چاوه‌ڕوانم بێته دونیاوه بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌ی ببینم و سه‌رله‌نوێ بۆنی پێوه‌بكه‌مه‌وه".
ره‌نا بڕیاریداوه كه منداڵه‌كه‌ی له دایكبوو،ئه‌گه‌ر كوڕ بێت یان كچ هه‌ر به ناوی ئه‌نمار،به ناوی باوكه كوژراوه‌كه‌ی ناوی بنێت".
دوای ئه‌و قسانه ره‌نا ده‌ستی به گریانیك كرد،به هیچ شتێك ژیر نه‌ده‌بووه‌وه،هاواری ده‌كرد و ده‌یگووت" كێ به ئاسانی داعشی هێنایه مووسڵ و ئێستا ده‌یه‌وێت به‌م شیوه‌یه ده‌ریانبكات،سڤیله‌كان گیریانخواردووه و بوونه‌ته سووته‌مه‌نی جه‌نگ،هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یانبوو،خۆشه‌ویسته‌كانیان له‌م دوو ساڵ و نیوه‌دا له ده‌ستچوو".
خێوه‌تگای حه‌سه‌ن شام له رۆژهه‌ڵاتی شاری مووسڵ
هه‌روه‌ها ده‌یگووت"من هیچ شتێكی جوانم نه‌ماوه له مووسڵ،بۆیه‌ش له شاره‌كه هه‌ڵاتووم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یادگارییه جوانانه‌ی رۆژانیك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م دروستمانكرد بیرنه‌كه‌وێته‌وه،ئیتر ناچمه‌وه مووسڵ،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو ته‌مه‌نم له‌و ده‌شتانه‌دا بژیم،هیچ رۆژێك له رۆژان ناگه‌ڕێمه‌وه مووسڵ".
ته‌نها له خێوه‌تگای حه‌سه‌ن شام (361) ئافره‌ت هه‌یه له ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا هاوسه‌ره‌كانیان له ده‌ستداوه،ئه‌م ژماره‌یه(عوده‌ی یونس ئه‌لتائی) به‌رپرسی كاروباری ئاواره‌كان ئاشكرایكردووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" ئه‌و ژنانه‌ی له جه‌نگه‌كه‌دا هاوسه‌ره‌كانیان له ده‌ستداوه ته‌مه‌نیان له نێوان 18 بۆ 35 ساڵدایه،ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره و له ده‌ستچوونی هاوسه‌ره‌كانیان له‌م ته‌مه‌نه گه‌نجیه‌ی ئه‌وانه‌دا زیانی زۆر به كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته هۆی دارووخان".
ئه‌لتائی ده‌ڵێت"له خیوه‌تگاكانی دیكه‌ش ژنی زۆر هه‌ن هاوسه‌ره‌كانیان له ده‌ستداوه،هه‌روه‌ها زۆر ژنی دیكه‌ی هاوشیوه‌ش هه‌ن،به‌ڵام له ماڵه‌كانی خۆیان ماونه‌ته‌وه له شاری مووسڵ".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" تیمی رێكخراوه مرۆڤدۆسته‌كان هاتوونه‌ته ناو خێوه‌تگاكان و ناوی ئه‌و ژنانه‌یان نوسیووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كی زیاتریان بكرێت و بخرێنه ناو پرۆگرامی سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌یان بۆ ژیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانیان،تا ئه‌و قۆناغه سه‌خته‌ی ژیانیان تێپه‌رێنن".