بارزانى: پێويسته‌ رايگشتى له‌ هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى ئاگادار بكرێته‌وه‌

رايگه‌ياند، پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەکەوە بۆ ڕایگشتی هەبێت.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەدواداچوونی پرۆسەکانی چاکسازی کرد و رايگه‌ياند، پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەکەوە بۆ ڕایگشتی هەبێت.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، هاتووه‌: سەرۆک بارزانی ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو کە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتری سەرجەم دامەزراوەکان و دەستنیشانکردنی میکانیزمی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی هەنگاوە پێویستەکانە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، ڕاستە پڕۆسەکە دەست پێکراوە، بەڵام پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەکەوە بۆ ڕایگشتی هەبێت.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، حاکم جەواد فەتاح ئاغا سەرۆکی داواکاری گشتی، حاکم بەنگین سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بە وەکالەت و خالید هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەچوو.

ديمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، شه‌ممه‌ 7ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017
ديمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، شه‌ممه‌ 7ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو کۆبوونەوەیە و ڕایگەیاند، کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی لە ١٠ـی٢ـی٢٠١٦، لە وەزارەتی دارایی و پێداچوونەوە بە ڕوونیی داهاتەکانی نەوت، چەندین هەنگاوی چاکسازی گیراونەتەبەر و پرۆسەکانیش لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی بەردەوامن.

دواتر لەلایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی هەنگاوەکان و بەربەستەکان و بەرنامەی کاری حکوومەت خرایەڕوو.

دواتریش بەرپرسی دامەزراوەپەیوەندیدارەکان ڕاپۆرتی زارەکییان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو دەزگایانە لەچوارچێوەی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خستەڕوو وقسە لەسەر ئەوە کرا کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە "ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە قۆناخی کۆتاییدایە کە تیایدا نەخشەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەستنیشان کراوە.

هه‌ر به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە قسە لەسەر ئەوە کرا کە ئەو پرۆسەیە نیشتیمانی و سەرتاسەری و پێکەوەیی و هاوبەشە و پەیوەستە بەهەموو لایەکەوە و پڕۆسەیەکی تۆڵەستاندن نییە و بەپێی یاسا و دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکرێت و پێویستی بە هاوکاری و میدیا و پشتگیریی سیاسیی هەموو لایەنەکان هەیە. جەختیش لەوە کرایەوە کە پڕۆسەکە، پڕۆسەیەکی بەردەوامە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناونیشانێک کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەکە دروست بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ـی١ـی٢٠١٧ لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەو دەزگا پەیوەندیدارانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، بەڕێوە بچێت تا ڕێوشوێنی پراکتیکی بگیرێتەبەر و هەر دەزگایەک نەخشەڕێ و میکانیزمێک پێشنیار بکات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگیدا بۆ بەدواداچوونی سەرجەم پرۆسەکانی چاکسازی، جێبەجێ بکرێن.